شارپرێس:
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، پێویستە چەک لەدەستی دەوڵەتدا بێت و دەڵێت، نەخشەڕێگەی بەدیهێنانی سەقامگیری لەعێراق پەیڕەو دەكەن".
نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، نەخشەڕێگەی بەدیهێنانی سەقامگیری لە عێراق خستەڕوو و ڕایگەیاند، بەبێ کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، وڵات جێگیر نابێت.
مالیكی ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق قۆناغێکی سەختی لەجەنگ و توندوتیژی بڕیوەو ئێستا کاتی ئەوە هاتوە هاوڵاتیان بەکەرامەت و ئارامییەوە بژین.
هەروەها چەند مەرجێکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی دەوڵەت دیاریکرد، کە گرنگترینیان بریتییە لەیەکڕیزی نێوان لایەنەکان، سەروەری یاساو چەکیش لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، جەختی لەسەر پێویستی هەبونی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو کردەوە کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی تێدا بێت و تەنیا لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا بێت، بەوەش دەتوانرێت پارێزگاری لەقەوارەی دەوڵەت بکرێت.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا، نوری مالیكی پەیوەندی نێوان سەقامگیری و ئابوری ڕون کردەوەو وتی،" کە سەقامگیری هەبوو، ژینگەی وەبەرهێنان دەبوژێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و خێراکردنی کارەکانی ئاوەدانکردنەوە لە سەرانسەری عێراقدا كە ئەمە پلانی ئێمەیە بۆ كاركردن لەداهاتودا".
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمریكا بەتوندی كاندیدكردنی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕەتدەكاتەوەو هەر ئەمڕۆش، بەها ئەعرەجی، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان لەپەرلەمانی عێراق هەر ئەمڕۆ جەختی كردەوە، كەهەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر مالیكی زۆر توندو مەترسیدارە.
لەبەرامبەردا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكردوە، كە پەیام بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نێردراوە تاوەکو هەڵوێستی خۆی بەرامبەر كاندیدكردنی نوری مالیکی بگۆڕێت.