شارپرێس ئامادەبوانی كۆبونەوەی پارتی و یەكێتی ئاشكرادەكات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5313 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتون، ئەمڕۆ كاتژمێر دوی پاشنیوەڕۆ شاندی باڵای یەكێتی و پارتی لەپیرمام كۆدەبنەوەو بڕیارە لەسەر ئاستی باڵا كۆبونەوەكە ئەنجامبدرێت.

 
سەرچاوەیەكی تایبەت ئەوەی بەشارپرێس وت،" كەمێك لەمەوبەر شاندی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی و هەر یەك لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و دەباز كۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكە گەیشتنە هەولێر".

هەمان سەرچاوە وتیشی،" بڕیاریشە لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی وەك هەردوو جێگری سەرۆكی پارتی پێشوازیان لێبكرێت".

بەگوێرەی زانیارییەكانیش، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە تایبەتە بە بابەتی پۆستەكان چ لەهەرێم و چ لەبەغدا.

ئەم لەكاتێكدایە، كێشەی سەرەكی لەنێوان یەكیتی و پارتی لەئێستادا گرفتی ڕێككەوتنیانە لەسەر پۆستی چەند وەزارەتێكی هەرێم و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كەهەر یەكەیان كاندیدی جیای بۆ ئەو پۆستە هەیە.