پێش دیداری لەگەڵ ترەمپ.. سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی لیستی داوکارییەکانی ناتانیاهۆ لەسەرۆکی ئەمریکا ئاشکرادەکات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی "سکای نیوز عەرەبی"ی کە پستی بە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بەستووە، ئاشکرای کردووە کە لە کۆبوونەوەی ئەمرۆ چوارشەممە لە کۆشکی سپی، بنیامین نەتانیاهۆ کۆمەڵێک داواکاریی گرنگ دەخاتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ.

ئەمە حەوتەمین دیداری نێوانیانە لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات لە 13 مانگی ڕابردوودا. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە تەوەرە سەرەکییەکانی داواکاریی نەتانیاهۆ لە ترەمپ بریتیی دەبن لە: • نەتانیاهۆ داوا دەکات دەسەڵاتەکانی ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر لە دانوستانەکاندا سنووردار بکرێن و ڕێگری بکرێت لە بڕیاردانی تاکلایەنەی کۆشنەر بەرامبەر ئێران.

• هەروەها جەخت دەکاتەوە کە دەبێت پرۆژەی مووشەکی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بخرێنە ناو هەر ڕێککەوتنێکەوە.

• ئیسرائیل داوای گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی ئێران دەکات. • پێشنیاری دواخستنی ڕێککەوتن و دەستپێکردنی پڕۆسەی "ڕووخاندنی ڕژێم" دەکات، بەوپێیەی ئێران دوای شەڕی 12 ڕۆژە لاواز بووە.

• نەتانیاهۆ هۆشداری دەدات کە ئەگەر ڕێککەوتنەکە پرسی مووشەکی و گرووپەکان نەگرێتەوە، ئیسرائیل بە سەربەخۆیی هێرشێکی کورت و بەئازار دەکاتە سەر ئێران. سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە، نەتانیاهۆ سوورە لەسەر داماڵینی چەکی حەماس؛ بە پێچەوانەوە دەست بە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دەکات و ئەگەر پێویست بێت دەسەڵاتی سەربازیی ئیسرائیل بەسەر تەواوی کەرتی غەززەدا دەسەپێنێت.