لەسەر لێواری جەنگ؛ ناتانیاهۆ لەواشنتۆن داوای سەری مارەکە دەکات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3859 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەژێر پەردەی دیدارێکی دیپلۆماسی بێدەنگدا، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، یەکێک لەهەستیارترین گەشتەکانی بۆ واشنتۆن ئەنجامدا، ئەم گەشتە کە وەک "هەوڵی کۆتایی" بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان دەبینرێت، تەنها یەک ئامانجی هەیە: بڕیاردان لەسەر چارەنوسی ڕژێمی تاران.


ناتانیاهۆ بەتاکتیکێکی نوێوە دەرکەوت؛ بەبێ یاوەریی پلەدارە سەربازییەکان گەیشتە کۆشکی سپی، ئەم هەنگاوە وەک پەیامێکی ناڕاستەوخۆ لێکدرایەوە کە ئیسرائیل نایەوێت وەک "هاندەر بۆ جەنگ" دەربکەوێت، بەڵکو دەیەوێت لەڕێگەی سیاسییەوە ترەمپ قایل بکات کە "پەنجەرەی مێژویی" بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران کراوەتەوەو هەر دواکەوتنێک کارەساتبار دەبێت.

به‌گوێره‌ى زانیارییە دزەپێکراوەکان، ناتانیاهۆ ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی مەترسیداری خستوەتە بەردەم ترەمپ، داتاکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، تاران لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگى 12 ڕۆژه‌یدا، خێرایی بەرهەمهێنانی چەکەکانی گەیاندوەتە ئاستێکی پێوانەیی.

به‌گوێره‌ى ئه‌و داتایانه‌ى له‌به‌رده‌ستى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیلن، ئێران توانیویه‌تى 700 موشەکی بالیستی لەماوەیەکی کورتدا به‌رهه‌مبهێنێت، هاوكات له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى دیكه‌دادەبێتە خاوەنی دوو هه‌زار موشەکى دیكه‌، هۆشداریشیداوه‌، "کات لەبەرژەوەندیی دیپلۆماسی نییە".

سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ ده‌ڵێن، "گرنگترین خاڵی ئەجێنداکەی ناتانیاهۆ، وەرگرتنی گەرەنتییە بۆ "کردەوەی سەربازیی سەربەخۆ"، ئیسرائیل دەیەوێت لەترەمپ ببیستێت کە چوارچێوەی هەر ڕێککەوتنێکی نوێ، ڕێگریی لەئیسرائیل ناکات بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمی‌و موشەکییەکانی ئێران ئەگەر هەستی بەمەترسی کرد.

ناتانیاهۆ دەیەوێت "دەستەواژەی قەدەغە" لەفەرهەنگی ئەمریکا بەرامبەر هێرشی ئیسرائیل بسڕێتەوە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ وەڵامێكى ترەمپ بۆ کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاڕاستەكه‌ى گۆڕیوه‌، ترەمپ بەڕاشکاوی وتویه‌تى، "ئێران نە دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی‌و نە موشەکیش".

چاودێرانیش پێیانوایه‌، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن ئامادەیە بۆ گرتنەبەری "هەنگاوی زۆر توند" ئەگەر تاران مەرجە نوێیەکان (کە لغاوکردنی موشەک‌و بریکارە ناوچەییەکانە) قبوڵنەکات.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ناوچەکە لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یان "ڕێککەوتنێکی تەسلیمکەر" کە تێیدا تاران هەموو چەکەکانی ڕادەستدەکات، یان "ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی فرە ڕەهەند" کە ئیسرائیل تێیدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، گەشتەکەی ناتانیاهۆ بۆ واشنتۆن، وەک نوسینەوەی دوا دێڕی سیناریۆی پێش جەنگ دەبینرێت.