شارپرێس:
چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن،
دیپلۆماتکارێکی ئێرانی ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات بگاتە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی
لەگەڵ ئەمریکا کە سوودی ئابووری بۆ هەردوولا هەبێت.
ئەم دوو وڵاتە لە سەرەتای مانگی شوباتی 2026 دانوستانەکانیان بە مەبەستی
چارەسەرکردنی کێشە کۆنەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکە و دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی
سەربازی دەستپێکردۆتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانە، ئەمریکا کەشتییەکی تری فڕۆکەهەڵگری ناردووەتە
ناوچەکە و خۆی بۆ ئەگەری هێرشی سەربازیی فراوان ئامادە دەکات ئەگەر گفتوگۆکان شکستیان
هێنا.
حەمید قەنبەری، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری ئابووریی
ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ مانەوەی ڕێککەوتنەکە، پێویستە ئەمریکاش لە بوارە پڕداهاتەکاندا
سوودمەند بێت، وەک کێڵگەکانی نەوت و گاز، وەبەرهێنانی کانزایی و کڕینی فڕۆکە.
ئەم هەڵوێستە نەرمەی ئێران لە کاتێکدایە
کە پێشتر هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکیان دەکرد. بڕیارە ڕۆژی سێشەممە وەفدێکی
ئەمریکی بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر لە جنێف لەگەڵ بەرپرسانی ئێران
کۆببنەوە.
جیاواز لە ساڵی 2015، ئەم گفتوگۆیانە تەنیا لە نێوان تاران و واشنتۆن و بە
نێوەندگیری سوڵتاننشینی عومان بەڕێوەدەچن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی