شارپرێس:
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند،
بڕیاردرا ئەو پارەیەی کە لە قەرەبوکردنەوەی لافاوەکەی چەمچەماڵ ماوەتەوە، بۆ جێبەجێکردنی
پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزاکە خەرج بکرێت، دەشڵێت، دواتریش بۆ دڵنیابونەوەی هەموو
لایەک، ئەنجامەکەی بەوپەڕی شەفافییەتەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری
سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،" وەک بەڵێنمان
دابوو کە زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش و خەڵکی ئازیزی ئەو دەڤەرە
بە تەنها جێناهێڵین و تا کۆتایی و قەرەبوکردنەوەی تەواوی زیانلێکەوتوان لەگەڵیاندا
دەمێنینەوە، ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم سەردانی چەمچەماڵی ئازیزم کرد و لە نزیکەوە بە دواداچونم
بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی پرۆسەی قەرەبوکردنەوەکە کرد و لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی
فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ و بۆردی چاودێری کۆبومەوە ".
ئەوەشیخستەڕوو،" هەرچەندە پرۆسەی قەرەبوکردنەوەکە تەواو
بوە، بەڵام بەوپێیەی کۆمیسیۆنەکە نمونەیەکی سەرکەوتوی لە خزمەتکردنی خەڵکی چەمچەماڵی
پێشكەش کردوە، بڕیارماندا ئەندامانی ئەم لیژنەیە لە ژێر ناوێکی دیکەدا بەردەوام بن
لە خزمەتکردنی خەڵکی دەڤەرەکە و ببنە رایەڵەی پەیوەندیی لە نێوان خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان
بۆ چارەسەرکردنی کێشە خزمەتگوزارییەکان ".
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد،" بڕیارماندا ئەو پارەیەی
کە ماوەتەوە، بە سەرپەرشتیی ئەندامانی ئەو لیژنەیە و هەروەها لەژێر چاودێریی ئەندامانی
بۆردی چاودێری و کەسایەتییە متمانەپێکراوەکانی چەمچەماڵ، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی
خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە خەرج بکرێت و دواتریش بۆ دڵنیابونەوەی هەموو لایەک، ئەنجامەکەی
بەوپەڕی شەفافییەتەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت ".
قوباد تاڵەبانیی وتیشی،" خەڵکی ئازیزی چەمچەماڵ دڵنیا
دەکەمەوە، لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی بەندە تەواوکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپەیە،
بۆ ئەمەش لە هەوڵی تەواوداین کە لە نزیکترین دەرفەتدا تەواو بکرێت و کێشەی ئاوی چەمچەماڵ
بە یەکجاری چارەسەر بکرێت ".
