ناتانیاهۆ چوار مەرج بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران ئاشكرادەكات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 759 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، چوار مەرج بۆ هەر رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، هەر رێککەوتنێک بکرێت دەبێت گەرەنتی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ژێرخانی پیتاندن و تێکشکاندنی تەوەرەی تیرۆر لەناوچەکە بکات.

لەبارەی پلانی ترەمپ بەرامبەر ئێران، ئاماژە بەوەدەکات کە دۆناڵد ترەمپ سورە لەسەر ئەوەی تاران ناچار بەڕێککەوتنێکی نوێ بکات کە ئاسایشی جیهان بپارێزێت.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بکرێت، دەبێت چوار پێکهاتەی بنەڕەتی تێدابێت کە نەک تەنیا بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵکو بۆ ئاسایشی ئەمریکا، ناوچەکەو جیهانیش گرنگن.

ناتانیاهۆ ڕاشیگەیاند کە یەکەم هەنگاوی هەر ڕێککەوتنێک دەبێت دەرکردنی تەواوی ماددە پیتێنراوەکانی یۆرانیۆم بێت لەخاکی ئێران، هەروەها پێویستە نەک تەنیا پرۆسەی پیتاندن ڕابگیرێت، بەڵکو دەبێت تەواوی ئەو ئامێرو ژێرخانە تەکنیکییانەی کە ڕێگە بەپیتاندنی یۆرانیۆم دەدەن بەتەواوی هەڵبوەشێنرێنەوەو لەناو ببرێن.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەمەترسییەکانی بەرنامەی موشەکیی تاران کردو وتی،"کە پێویستە بەتوندی ڕوبەڕوی پرسی موشەکە بالیستیکییەکان ببنەوە، ئەوان پابەندی سنور بەندی 300 کیلۆمەتری نییەو جەنگی 12 رۆژە گەورەترین بەڵگەیە بۆ ئەو سەرپێچییانە.

هاوکات جەختی لەوەشکردەوە کە مەرجێکی دیکەی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێک، هەڵوەشاندنەوەی ئەو تەوەرەی تیرۆرەیە کە ئێران لەناوچەکەدا دروستی کردوە، کە هەرچەندە گورزی کوشندەی بەرکەوتوە، بەڵام هێشتا ئێران هەوڵی دوبارە ڕێکخستنەوەی دەدات.

سەبارەت بەهەوڵە دیپلۆماسییەکانی واشنتن، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، سورە لەسەر ئەوەی هەموو ئەگەرەکان بۆ گەیشتن بەرێککەوتنێک تاقی بکاتەوە.

هاوکات ناتانیاهۆ پێیوایە بەهۆی پیشاندانی هێز و ئەو بارودۆخە نوێیەی دروست بوە، ئێستا دەرفەتی رێککەوتن لەهەموو کاتێک زیاترە، چونکە ترەمپ پێی وایە ئێران تێگەیشتوە کە لەڕابردودا دەرفەتێکی زێڕینیان لەدەستداوەو پێشبینی دەکرێت ئەمجارە نەیانەوێت هەمان هەڵە دوبارە بکەنەوە.