شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەهەنگاوێکی نوێدا کە ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان، ڕایگەیاند، "کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس جیراڵد ئاڕ فورد) لەئایندەیەکی زۆر نزیکدا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەکەوێت"، ئەم بڕیارەش دوای ئەوەهات، ترەمپ هۆشدارییەکی توندیدایە تارانو ڕایگەیاند، "ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەکەیان نەیەتە کایەوە، ئەوا ڕوبەڕوی لێکەوتەی زۆر بەئازار دەبنەوە".
پێشترو لەکۆتایی مانگی کانونی دوەمی ڕابردودا، واشنتۆن کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن"ی لەگەڵ سێ کەشتی جەنگیی دیکە ڕەوانەی ناوچەکە کردبوو، کە وەک یەکێک لەبەهێزترین پەیامە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران لێکدرایەوە".
کەشتیی (یو ئێس ئێس جیراڵد ئاڕ فۆرد) بە گەورەترین کەشتیی جەنگیی لەجیهاندا دادەنرێتو درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی 333 مەترو پانییەکەی 40.8 مەترە، لەکاتێکدا ڕوبەری سەرەوەی کە بۆ فڕینی فڕۆکەکان تەرخانکراوە پانییەکەی 78 مەترە.
ئەم زەبەلاحە دەریاییە کاتێک بەتەواوی باردەکرێت، کێشەکەی دەگاتە نزیکەی 100 هەزار تۆن، هێزی دەریایی ئەمریکا ئەم کەشتییەی بە"موعجیزەی تەکنەلۆژی" ناوبردوە، چونکە پڕۆسەی پلاندانانو دروستکردنی 12 ساڵی خایاندوەو دواجار لەساڵی 2017دا بەفەرمی چوەتە خزمەتەوە.
ئەم کەشتییە یەکەم وەبەرهێنانی گەورەی ئەمریکایە لەدیزاینی کەشتیی فڕۆکەهەڵگردا لەدوای ساڵانی شەستەکانەوە کە تیایدا 23 تەکنەلۆژیای نوێ بەکارهاتوە، لەوانە سیستەمی هاویشتنی کارۆموگناتیسی بۆ فڕۆکەکانو بەرزکەرەوەی پێشکەوتوی چەک کە وایکردوە ژمارەی ستافی کەشتییەکە بەڕێژەی 20 لەسەدا کەمببێتەوە بەراورد بەنەوەکانی پێش خۆی.
جیاوازییە سەرەکییەکانی ئەمجۆرە نوێیە لەگەڵ پۆلی "نیمیتز" لەوەدایە کە توانای ئەنجامدانی 160 گەشتی ئاسمانی لەڕۆژێکدا هەیە، لەکاتێکدا نەوەکانی پێشتر تەنها توانای 140 گەشتیان هەبوو، هەروەها توانای بەرهەمهێنانو دابەشکردنی وزەی کارەبای لەم کەشتییەدا بەڕێژەی 150 لەسەدا زیادیکردوە بۆ پشتگیریکردنی سیستەمە تەکنەلۆژییە ئاڵۆزەکان.
هەرچەندە بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی لەکەشتییەکانی ئەمریکادا شتێکی نوێ نییە، بەڵام کارلێکەرە ئەتۆمییەکانی "جیراڵد فۆرد" زۆر بەهێزترنو تەمەنێکی کارکردنی درێژتریان هەیە.
ئەم کەشتییە دەتوانێت 75 فڕۆکەی جەنگی لەجۆرەکانی ئێف/ئەی-18 سوپەر هۆرنێتو ئی-2 هۆک ئای هەڵبگرێت، لەگەڵ زیاتر لەپێنج هەزار سەربازو دەریاوان، یەکەم ئەرکی فەرمی ئەم کەشتییە لەئۆکتۆبەری 2022 دەستیپێکرد، بەڵام گرنگترین ئەرکی لەکاتی شەڕی غەززەدا بوو کاتێک بۆ ماوەی 76 ڕۆژ لەدەریای ناوەڕاست مایەوە بۆ ڕێگریکردن لەفراوانبونی شەڕەکە.
بەڵام، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن) کە بەناوی 16هەمین سەرۆکی ئەمریکاوە ناونراوە، مێژویەکی کۆنترو دەوڵەمەندی هەیەو لەساڵی 1989وە لەخزمەتدایە، ئەم کەشتییە بەشێکە لەگروپێکی هێرشبەر کە چەندین کەشتیی وەک "یو ئێس ئێس سپروانس"و "مایکل مێرفی" لەگەڵدایە، لینکۆڵن سەر بەپۆلی "نیمیتز"ەو کێشەکەی نزیکەی 97 هەزار تەنەو درێژییەکەی 332.8 مەترە.
ئەم کەشتییە دەتوانێت بەخێرایی 30 گرێ (56 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا) بڕواتو شوێنی 5680 کەسی تێدا دەبێتەوە.
ئەبراهام لینکۆڵن خاوەنی دوو کارلێکەری ئەتۆمیو چوار تۆربینی هەڵمییە کە ڕێگەی پێدەدات بۆ چەندین ساڵ بەبێ وەستان کاربکات، ئەم کەشتییە لەمێژوی خۆیدا بەشداری زۆرێک لەئۆپەراسیۆنە گەورەکانی کردوە، لەوانە "گەردەلولی بیابان" لەسەرەتای نەوەدەکان بۆ دەرکردنی هێزەکانی عێراق لەکوهیتو چەندینجار لەساڵانی 1995و 1998و 2000دا ڕەوانەی کەنداو کراوە.
هەروەها لەساڵی 2003دا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لەکاتی هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق، لەئێستاشدا ئامادەیی ئەم دوو زەبەلاحە دەریاییە لەناوچەکەدا، نیشانەی توندبونەوەی ململانێکانو ئامادەباشی واشنتۆنە بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازیی لەگەڵ تاران.
