شارپرێس:
لەپشت پەردەی کۆبونەوە فەرمییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، تەوژمێکی سیاسیی نوێ لەدایکبوە کە ئامانجەکەی تەنها گۆڕینی هاوسەنگییەکان نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بەهەژمونی نوری مالیکی، بهگوێرهى زانیارییەكانى شارپرێس كه لهسهرچاوهى تایبهتهوه دهستیكهوتوه، زۆرینەی سەرکردە کاریگەرەکانی نێو چوارچێوەکە، دور لەچاوی کامێراکان، بڕیاری پێویستیانداوەو جهختیانكردوهتهوه لهسهر، "عێراقی داهاتوو بێ مالیکی".
زانیارییهكانى شارپرێس باس لهوهدهكهن، ئەو جوڵە سیاسییەی نێو ماڵی شیعە، تەنها ئارەزویەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو وەڵامێکی خێرایە بۆ هۆشدارییەکی توندى ئەمریکا، واشنتۆن لەڕێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە پەیامێکی ڕونی ناردوەو وتویهتى، "سوربون لەسەر کاندیدکردنی مالیکی، واتە سەپاندنی گەمارۆی ئابوریی کە ڕەنگە عێراق ئیفلیج بکات".
ههروهك ئهو سهرچاوانهى زانیارییان بهشارپرێسداوه ئاماژه بهوهدهكهن، فشارەکان دوو دەمارە هەستیارەکەی عێراقیان کردوەتە ئامانج، یهكهمیان داگیرکردنی داراییه كه خۆى دهبینێتهوه لهسزادانی بانکی ناوەندییو دەستبەسەرداگرتنی یەدەگی دراو، دوهمیش خوێنبەربونی ئابوریی بهواتاى پەکخستنی کۆمپانیای "سۆمۆ"و ڕاگرتنی هەناردەی نەوت.
زانیارییهكانى شارپرێس ئاماژه بهوهدهكهن، لەنێو نۆ کاندیدی پێشوو، ئێستا تەنها دوو ناو لەسەر مێزی گفتوگۆکان ماونەتەوە، محەمەد شیاع سودانی کە مالیکی وەک کاندیدێکی "دڵنیا" سەیری دەکات، بەڵام کاندیدی دوەم، حەمید شەتری (سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی)، وەک ئەسپی ڕەشی ئەم یارییە دەردەکەوێت، شەتری نە تەنها پشتیوانی سەرکردە ناڕازییەکانی چوارچێوەی هەیە، بەڵکو گڵۆپی سەوزی ئەمریکاشی بۆ هەڵکراوە.
سەرچاوە باڵاکانی نێو ماڵی شیعە هۆشداریدەدەن کە هەر دواکەوتنێک لەم گۆڕانکارییەدا، عێراق بەرەو ناسەقامگیرییەکی مەترسیدار دەبات، پلانەکە چوەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوەو چەند ڕۆژی داهاتوو دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ هێزی دەوڵەتی یاسا لەبەرامبەر هاوپەیمانە کۆنەکانی خۆیدا.
وهكو بهشارپرێس وترا، "ئێستا عێراق لەبەردەم دوڕیانێکی مێژوییدایە؛ یان دەبێت قوربانی بەکەسی یەکەمی چوارچێوەی هەماهەنگی بدات بۆ ڕزگارکردنی ئابورییەکەی، یان سوربون لەسەر مانەوەی مالیکی دەبێتە خۆکوژییەکی سیاسیی کە نەک تەنها شیعەکان، بەڵکو تەواوی سیستەمەکە ڕادەستی گەمارۆکانی ئەمریکا دەکات".
سهرچاوهكانى شارپرێس جهختدهكهنهوه، "پلانەکە داڕێژراوەو کاندیدەکان لەسەر هێڵی دەستپێکردن وەستاون، واشنتۆن پەنجەی لەسەر ماشەی سزاکانەو هاوپەیمانە کۆنەکانی مالیکیش دەیانەوێت پێش دەستپێکردنی زریانەکە، کەشتییەکە ڕزگاربکەن"، ڕۆژانی داهاتوو دەریدەخەن کە ئایا حەمید شەتری دەبێتە پیاوی دەربازبون، یان مالیکی لەکۆتا ساتدا یارییەکە تێکدەداتەوە؟.
دواجار، ململانێی مانەوە گەیشتوەتە خاڵێک کە تێیدا بەرژەوەندیی گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگیو ترسی داڕمانی ئابوریی عێراق، لەویستەکانی مالیکی بەهێزترن، پەیامەکەی واشنتۆن ڕونەو جوڵەی سەرکردە ناڕازییەکانیش خێراتر بوە؛ هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، وێنەی عێراقی داهاتوو بێ مالیکی تەنها سیناریۆ نییە، بەڵکو بڕیارێکی واژۆکراوەو چەند ڕۆژی داهاتوو دەبێتە ساتی ڕاگەیاندنی.
