شارپرێس:
چەند لایەنێکی سیاسی ئاشکرایانکردوە، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا سەرکردە باڵاکانی کورد، بەتایبەت لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان، هەوڵو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان چڕکردوهتەوە بەمەبەستی دروستکردنی گۆڕانکاریی لەهەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکا سەبارەت بەکاندیدبونی نوری مالیکی، بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق.
بەگوێرەی پێگەی "شەفەق نیوز" ئەبو میساق مەساری کە یەکێکە لەسیاسییە ئاگادارەکانی ناو ماڵی شیعە، جەختیکردوهتەوە، سەرکردە گرنگەکانی کورد هەوڵێکی زۆریانداوە بۆ ئەوەی واشنتۆن لەدیدگا توندەکەی بەرامبەر سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پاشەکشە بکاتو وەک کاراکتەرێکی گرنگ لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا بیناسێنێتەوە.
هاوکات سەرچاوەیەکی بەرپرس لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەکردوە، یەکێک لەسەرکردە کوردەکان بەفەرمی ڕەوانەی واشنتۆن کراوە تا سروشتی ئەو ڕۆڵە سیاسییەی مالیکی لەئێستادا دەیگێڕێت بۆ بەرپرسانی ئەمریکا بخاتەڕوو.
بهگوێرهى وتەی سەرچاوەکە، پەیامی ئەرێنی ڕاستەوخۆ لەباڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لەڕێگەی چەند دیدارێکەوە گەیشتوهتە مالیکیو تێیدا باس لەپێگەی ستراتیژییو قورسایی ئابورییو سیاسیی عێراق لەناوچەکەدا کراوە.
ئەم هەوڵانە لەکاتێکدان، دۆناڵد تڕەمپ لە 27ی کانونی دوەمی 2026 لەپەیامێکی فەرمیدا بەتوندی دژی گەڕانەوەی نورى مالیکی وەستایەوەو ڕایگەیاندبوو، لەسەردەمی ئەودا عێراق ڕوبەڕوی پشێوییو هەژاری بوەتەوە، بۆیە ئێستا لایەنە شیعەکان بەبایەخەوە چاوەڕێی پەیامێکی فەرمیو ڕونن لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ پشتگیریکردنی کاندیدکردنی مالیکی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت.
