تەلەگراف: لەسەر جێگرتنەوەی دەسەڵات لەکۆریای باکور، ناکۆکی لەنێوان خوشک و کچەکەی "کیم"دا هەیە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 135 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە زاری دەزگای هەواڵگری کۆریای باشوورەوە بڵاوی کردۆتەوە کە کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری 42 ساڵەی کۆریای باکوور، کچەکەی خۆی بە ناوی کیم جو-ئای کە تەمەنی نزیکەی 13 ساڵە، وەک جێگرەوەی داهاتووی خۆی دەستنیشان کردووە و بە چڕی ئامادەی دەکات بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات.

 
 ئەم کچە بە بەردەوامی لە بۆنە سەربازیی و دیپلۆماسییە گرنگەکاندا لەگەڵ باوکیدا دەبینرێت، بەڵام ئەم بڕیارە جو-ئای دەخاتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی مەترسیدار لەگەڵ کيم یو جۆنگی پووری، خوشکە بچووکی ڕێبەری وڵات.

یو جۆنگی 38 ساڵان، بە دووەم بەهێزترین کەسایەتیی دەوڵەت دادەنرێت و خاوەن هەژموونێکی زۆرە لە ناو حزبی دەسەڵاتدار و سوپادا، بەشێوەیەک بەپێی گوتەی تەلەگراف، یو جۆنگ پلانی هەیە لە ئەگەری مردن یان پەککەوتنی براکەی، دەسەڵات کۆنترۆڵ بکات.

جۆنگ ئێل، باڵیۆزی پێشووی کۆریای باشوور لە بەریتانیا، ئاماژەی بەوە کردووە کە مێژووی ئەم خێزانە لە تەسفیەکردنی نەیارەکان، نیشانەیەکی باش نییە بۆ داهاتووی کچەکەی کیم، چونکە کیم جۆنگ ئون خۆی پێشتر مامی خۆی لە ساڵی 2013 لەسێدارە دا و برایەکی زڕی خۆیشی لە ساڵی 2017 لە مالیزیا تیرۆر کرد.

پەلەکردنی کیم لە دیاریکردنی جێگرەوەکەی، گومانەکان دەربارەی دۆخی تەندروستیی زیاتر دەکەن. دەگوترێت کێشی نزیکەی 140 کیلۆگرامە و بەدەست نەخۆشییەکانی شەکرە و پەستانی خوێنەوە دەناڵێنێت، جگە لەوەی زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی کحول و کێشانی جگەرەدا دەکات.

ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان هۆشداریی دەدەن کە ئەگەر کیم لەم کاتەدا کۆچی دوایی بکات، خوشکەکەی شانسی زیاتری هەیە بۆ حوکمڕانی، چونکە کچەکەی و کوڕەکانی تری هێشتا زۆر منداڵن و پێگەی سیاسییان نییە بۆ ئەوەی لە 5 تا 15 ساڵی داهاتوودا بە جددی وەک ڕکابەر سەیر بکرێن.