شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوی بڕیوەتە مێزی گفتوگۆکانی ژنێف، لەپشت پەردەی بیابانەکانی سنوری عێراقو وڵاتانی دراوسێ، نەخشەیەکی نوێی ئەمنی خەریکە دەکێشرێت، زانیارییەکانى شارپرێس كه لهسهرچاوهى ئاگادارو باڵاى عێراقهوه دهستیكهوتوه، باس لەلەدایکبونی هێزێکی چەکداریی ڕێکخراو دەکەن کە جیاوازه لەداعش، ئهوان دهڵێن، "ئەمجارە بەپشتگیریی هەرێمیو نێودەوڵەتیو بەبەرگی عەشایەری، خەریکی خۆسازدانن بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان لەموسڵو ئەنبار".
سێگۆشەی مەترسی؛ چەکدارکردنی هۆزەکان
بەگوێرەی ئەو بەدواداچونە وردانەی شارپرێس ئەنجامیداوە، لەسەر سنورەکانی عێراق لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئوردنو سوریا، جموجۆڵێکی سەربازیی نائاسایی بەدیدەکرێت، ژمارەیەکی زۆر لەگروپو هۆزە عەشایەرییەکانی ناوچە سونییەکان نەک هەر چەکدارکراون، بەڵکو لەژێر چاودێریی وڵاتانی وەک (تورکیا، ئوردن، سوریا)و بە ئاگاداریی ڕاستەوخۆی ئەمریکاو میسر، خولی ڕاهێنانی سەربازیی پێشکەوتویان بۆ کراوەتەوە.
شارپرێس زانیویهتى، ئەو هێزانە تەنها خاوەن چەکی سوک نین؛ بەڵکو ئۆتۆمبێلی سەربازییو چەکی مامناوەندیان پێدراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئامادەکارییەکە بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی گەورەیە، نەک تەنها پاراستنی ناوخۆیی.
موسڵو ڕومادی؛ ئامانجە لەرزۆکەکان
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لەبەغداوە زانیاریی مەترسیداری بهشارپرێس-داو ئاشكرایكرد، "لەنێو ناوەندە ئەمنییەکانی عێراقدا گفتوگۆیەکی گەرمو هاوكات نیگەرانییەکی قووڵ هەیە لەسەر پارێزگاکانی موسڵو ڕومادی".
بهوتهى سهرچاوهكهى شارپرێس، لەنزیک شاری موسڵ، گروپە عەشایەرییەکان بەشێوەیەکی توندوتۆڵ ڕێکخراونەتەوە، ئەوەی مۆتەکە ئەمنییەکەی گەورەترکردوە ئەوەیە، ئەو هێزانە "ناسنامەیەکی نادیار"یان هەیە؛ نە دەتوانرێت وەک داعش بناسێندرێنو نە وەک هێزێکی فەرمیش هەژماردەکرێن، بەڵکو گروپێکی زۆر ڕێکخراوترو خاوەن پشتگیرییەکی نێودەوڵەتیی بەهێزن.
تەوقیتێکی هەستیار؛ چاوەکان لەسەر ژنێفن
ئەم ئامادەکارییە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ گەڕی دوەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکاو ئێران لەژنێف، چاودێران پێیانوایە دروستکردنی ئەم "هێزە سێیەمە" لەناوچە سوننییەکانى عێراق، ڕەنگە کارتێکی فشاری نوێ بێت بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی ئێران لەناوچەکەدا یان سەپاندنی ئەمری واقیعێکی نوێ بێت کە عێراق بەرەو قۆناغێکی تەمومژاوی تر ببات.
ئایا مێژوو خۆی دوبارەدەکاتەوە؟
ئەو هێزانەی ئێستا لەبیابانەکانو دەوروبەری شارە گەورەکاندا مەشق دەکەن، چاوەڕێی "سەعاتی سفر" دەکەن، پرسیارە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا عێراق جارێکی دیكه دەبێتەوە بەمەیدانی جەنگە وەکالەتییەکان؟ یان ئەم هێزە نوێیە دەبێتە پارێزەری ناوچە سوننییەکان لەناو ئەو گێژاوە سیاسییەی وڵاتی گرتوەتەوە؟
