لەسەر ڕاسپاردەی ئەمریکا حکومەتێکی نوێ لەسوریا پێکدەهێنرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 348 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی i24NEWS ی عیبری، کە پشتی بە زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکی سوریا بەستووە، لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا ئەحمەد شەرع، کار بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی گشتگیر دەکات کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆبگرێت.

 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە هەڵبژاردنی کەسایەتیی پێکهاتە جیاوازەکان لەلایەن سەرۆکی کاتیی سوریا بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانیی کەمینەکانە ئەو کەسانە هەڵدەبژێردرێن کە شەرعییەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان هەبێت.

هەمان سەرچاوە ئاشکرای کردووە کە فەهد میسری، سیاسەتمەداری دێرین و سەرۆکی پارتی سووریای ئازاد، کاندیدێکی دیارە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، جەختیشی کردۆتەوە کە حکومەتە نوێکە دەسەڵاتێکی فراوانی دەبێت.

کەناڵەکە لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرایکردووە کە ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتییەکانی میسری بۆ هەڵوێستەکانی واشنتن بەرز دەنرخێنێت و پێیان وایە سووریا بە هەبوونی ئەو لە پێگەیەکی کاریگەردا لە دۆخێکی باشتردا دەبێت.

هەروەها ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ڕایگەیاندووە کە بڕیاری تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سووریا، سەبارەت بە کشانەوەی پشتگیری لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێویستە کوردانی سووریا ببنە بەشێک لە حکومەتی دیمەشق بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی زیاتر.

دەشڵێت:  واشنتن کۆتاییهاتنی ئەرکی هەسەدە وەک هاندەرێک بۆ کوردەکان دەبینێت تا تێکەڵی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتە بنکەفراوانەکە بن.