ئۆتۆمبێلێک کەوتە ناو گۆماوێک‌و سێ کەس گیانیان لەدەستدا

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 896 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک و کەوتنە ناو گۆماوێکەوە لەسەر ڕێگای دەربەندیخان بۆ شارۆچکەی زەرایەن، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و منداڵێکیش بە سەختی بریندار بوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس، کەمێک پێش ئێستا لەسەر ڕێگای سەرەکی دەربەندیخان - زەرایەن، ئۆتۆمبێلێک کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و لە ڕێڕەوی خۆی دەرچووە، بەو هۆیەوە کەوتووەتە ناو گۆماوێکی نزیک ڕێگاکەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە شارپرێسی ڕاگەیاند: قوربانییەکانی ڕووداوەکە پێکهاتوون لە پیاوێک و دوو ژن، کە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕووداوەکەدا منداڵێکی تەمەن شەش ساڵان ڕزگار کراوە، بەڵام بریندارە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

دوای ڕووداوەکە تیمەکانی هاتووچۆ و بەرگری شارستانی و تەندروستی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمی قوربانییەکان ڕەوانەی پزیشکی داد کراون.

ڕێگای دەربەندیخان - سلێمانی بە یەکێک لە ڕێگا مەترسیدارەکان دادەنرێت و ساڵانە بەهۆی خراپی ڕێگاکە و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان، چەندین ڕووداوی دڵتەزێنی تێدا ڕوودەدات.