شارپرێس:
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنی نێوان هەسەدەو حکومەتی دیمەشق پێشهاتی دڵخۆشکەرن و دەڵێت،" هەنگاو بەهەنگاو چاودێریی هەنگاوەکانی یەکگرتنی تەواو دەکەین".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەکاتی گەڕانەوەی لەئەسیوپیا لەناو فڕۆکەکەدا، لەبارەی پرۆسەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەسەدەو حکومەتی دیمەشق لەسوریا وتی،" بەرەو ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەهەنگاوی وردبینانە، سورو پتەو هەنگاو دەنێین. ئەو ئیرادە بەهێزەی وڵاتەکەمان، لەئێستادا کاریگەریی گەیشتوەتە سوریاش".
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشدا کە "لەسووریا پێشهاتی دڵخۆشکەر ڕودەدەن، کە پشتگیری لەئامانجی ئێمە بۆ دروستکردنی ناوچەی بێ تیرۆر دەکەن، ئەمەش زیاتر دڵخۆشمان دەکات و هەنگاو بەهەنگاو چاودێریی هەنگاوەکانی یەکگرتنی تەواو دەکەین".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان باسی لەوەکرد کە ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا بەهەنگاوی دڵنیاییەوە لەرێگەکەی بەردەوامە و وتی،"ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر تەنیا پرسێکی ئەمنی نییە، بەڵکو لایەنی یاسایی و کۆمەڵایەتیش تاوتوێ دەکەین".
سەبارەت بەئەگەری جەنگ لەدژی ئێران، ئەردۆغان هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاشکراکردو وتی،" ئێمە وەکو تورکیا بەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ڕاگەیاندوە کە دژی دەستوەردانی سەربازین لەئێران.
ئەردۆغان ئاشکرایکرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەپەیوەندیی بەردەوامدان، دواینجار لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران قسەم کرد.
سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشداریدا لەوەی جەنگێکی نوێ کە ئێرانی کردبێتە ئامانج، هیچ قازانجێک بەکەس ناگەیەنێت و جەختی کردەوە کە ئەوان دەیانەوێت پرد دروست بکەن نەوەک دیوار.
