شارپرێس:
حاکم قادر رایدەگەیەنێت، ھەرگیز چاوەڕێی چارەسەربونی ئەم
دۆخە مەبن تا ئەو لێکترازانە قوڵەی ئێستا دروستبووە چارەسەر نەکرێت، دەشڵێت، دۆخی ڕۆژھەڵاتی
ناوەڕاست و عێراق ناوچەكە و هەرێم لە بەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە و دۆخەکە بەم شێوەیە
نامێنێتەوە.
حاکم قادر لە میانی بەشداریکردنی لە خولێکدا کە بۆ ژمارەیەک
خوێندکارو دەرچوی بەشە پزیشکییەکان و گەنجان سازكرابوو، ڕایگەیاند، "خوێندكاران بەشێكی گرنگن لەكۆمەڵگاكەمان و پێویستە دەرفەتی
گونجاو و پێداویستی تایبەتیان بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی بە سەركەوتوی خوێندنەكەیان
تەواو بكەن، نەک خەمساردانە لە هەوڵ و ماندوبونی خوێندکاران بنواڕدرێت."
هاوکات، حاکم قادر ئاماژەی بە دۆخی لایەنە سیاسییەکان
کرد و جەختیکردەوە، دورکەوتنی لایەنە سیاسییەکان هێندەی دیکە هەرێمی بەرامبەر بەغدا
لاوازکردوە و هۆکارە بۆ ئەوەی فشاری زیاتر لە هەرێم بکرێت و قەیرانی گەورەتر ڕوبەروی
خەڵکی کوردستان ببێتەوە.
وتیشی،" بە داخەوە لایەنە سیاسییەکان لەیادیان کردوە
کە هەر کاتێک لێک نزیکبوبن دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە و دۆخی گوزەرانی گەلی
کوردستان باش بوە، بە پێچەوانەشەوە هەر کاتێک ناتەبا و لێکترازاوبوبن ڕاستەوخۆ دۆخی
گوزەرانی هاوڵاتیانیش خراپتر بوە، هەرگیزیش چاوەڕێی چارەسەربونی ئەم دۆخە مەبن گەر
ئەو لێکترازانە قوڵەی ئێستا دروستبوە چارەسەر نەکرێت، بەپێویستی دەزانم ھەنگاوی جدی
بنرێت بۆ چارەسەركردنی لەپێناوی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلەكەمان ".
حاکم قادر باسی لەوەشکرد، دەبێت حكومەتی ھەرێم تەنیا پشت
بە داھاتی نەوت نەبەستێت و بیر لە سەرچاوەی دیكەی داھات بكاتەوە بە تایبەت لە بوارەكانی
كشتوكاڵ و وەبەرھێنان و گەشتوگوزاریدا، پێویستە زۆر بەخێرایی بارگرانی سەرشانی هاوڵاتیان
کەمبکرێتەوە و باج و نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیكە كە ئێستا بۆتە جێی ڕەخنە
و گلەی و بارگرانی ھاوڵاتیان و پێویستە بە زوی ھەوڵی چارەسەركردنی بدرێت.
ھەروەھا حاکم قادر ڕایگەیاند، دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و
عێراق ناوچەكە و هەرێم لە بەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە و دۆخەکە بەم شێوەیە نامێنێتەوە،
تاکە ڕێگەی تێپەڕاندنی ئاڵەنگارییەکانیش کاری هاوبەش و دانانی نەخشەڕێگایەكی سەردەمیانەیە
لەسەر بنەمای یەكگوتاری ستراتیجی نیشتمانی
