کۆمەڵە لەبارەی روداوەکەی کەڵەوانان هاتەدەنگ و بە گوماناوی ناوی دەبات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 530 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕوداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی نزیک لە ناحیەی پیرەمەگرون بە روداوێکی هاتوچۆی ئاسایی ناوبرد، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هاتەدەنگ و دەڵێت، ڕوداوەکە گوماناوییە.


سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی 29ی ڕێبەندانی 1404ی هەتاویی لە ڕوداوێکی گوماناویدا ئۆتۆمبیلێکی کۆمەڵە لە نێوان ڕێگای سلێمانی بۆ دوکان تەقیوەتەوە و بەداخ وپەژارەیەکی زۆرەوە پێشمەرگەیەکی  کۆمەڵە بە ناوی «سەعید (هێرش) ڕەنجبەری» گیانی بەختکردوە و «ئارام بەهرامی» یەکێکی دیکە لە پێشمەرگەکانمان بریندارە کە بە خۆشییەوە باری تەندروستیی جێگیرە ".

ئەوەشیخستەڕوو، ئاسایشی سلێمانی و ئەمنییەتی کۆمەڵە خەریکی لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکەن و لە ڕاگەیاندنەکانی دیکەدا ڕای گشتی لێ ئاگادار دەبێتەوە.

هەر لەوبارەیەوە، سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێت،" بەم بۆنەوە سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و هاورێیانی هاوڕێ هێرش و خەڵکی ناوچەی لەیلاخ دەکەین و هیوای هەرچی زوتر چاکبونەوە بۆ هاوڕێی ئارامی بەهرامی دەخوازین ".