شارپرێس:
لەپهیامێكى پڕ لەهەڕەشەو بەڵێنی تونددا، دۆناڵد ترەمپ لهكۆنگرێسى وڵاتهكهیهوه واشنتۆنی هەژاند؛ لەڕاگەیاندنی جەنگی دژی گەندەڵیو کۆچبەرانەوە، تا گۆڕینی نەوتی فەنزوێلا بۆ دەستکەوتێکی ئەمریکی، ترەمپ لەمساڵدا نەخشەیەکی نوێ بۆ هەژموونی ئەمریکا دەکێشێتو پەیامی توندیش ئاراستەی ئێران دەکات.
كاتژمێر 5ى بهیانى ئهمڕۆ بهكاتى ههرێمى كوردستان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگرێسى وڵاتهكهیدا پهیامى ساڵانەی باری وڵاتی پێشکەشکرد، ترەمپ کۆمەڵێک دۆسیەی ناوخۆییو دەرەکی هەستیاری وروژاند، لەسەرویانهوه کودەتای وزە لەفەنزوێلاو جەنگ دژی گەندەڵی.
یەکێک لەسوپرایزە گەورەکانی پهیامهكهى ترەمپ، ئاماژەدان بوو بەگۆڕانکاریی ڕیشەیی لەفەنزوێلا، ترەمپ سوپاسى پرۆسەی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی کردو بەسەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئاسایشی ئەمریکا وەسفیکرد.
ڕایگەیاند، واشنتۆن وەک هاوبەشێکی نوێ زیاتر لە 80 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەو وڵاتە دەستکەوتوە، ئەمەش وەک بەشێک لەپلانی چەسپاندنی هەژمونی ئەمریکا لەنیوەگۆی ڕۆژئاوای زەوی.
سەبارەت بەسیاسەتی دەرەوە، ترەمپ جەختیکردەوە، "گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەردەوامە، بەڵام مەرجی سەرەکی دەربڕینی وشە نهێنییەکەیە کە ئەویش دەستبەرداربونی تەواوەتییە لەچەکی ئەتۆمی، هیچ وڵاتێک نابێت گومان لەهێزی سەربازیی ئەمریکا بکات".
دۆناڵد ترەمپ، لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێسدا وتى، "ڕێگەنادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیو ساڵی رابردوش چەکوشی نیوە شەومان لەئێراندا، بۆیه با دڵنیابن، هەرگیز ناهێڵین ئەو وڵاتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی بێت، سوپای ئەمریکایش پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی تێکشکاندوه".
ههر لهبارهى ئێرانهوه سهرۆكى ئهمریكا ڕایگهیاند، "ئێستا لەگەڵ ئێران لەدانوستاندنینو ئەوان دەیانەوێت ڕێکبکەوین، باشترین چارەسەریش ئەوەیە لەگەڵ ئەو وڵاتە بەڕێگەی دیپلۆماسی ڕێککەوتن بکەین، بەهۆی گوشارەکانیشمان چەندین کەسمان لەو وڵاتە لەسزای لەسێدارەدان ڕزگارکردوه، ڕاستیهكیش ههیه ئێمه كارى لهسهر دهكهین، ئهویش ئهوهیه، ئێران کار لەسەر پەرەپێدانی موشەکاکانی دەکاتو دەتوانێت لەداهاتودا بگاتە ئەمریکا، بهڵان سیاسەتی ئاشتیی، لەڕێگەی هێزەوە لەگەڵ ئێران چالاکە".
ئهوهشى وت، "واشنتۆن بەچڕیی کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا"، بهڵام شەڕی غەززەی بەشەڕێکی ئاست نزم ناوبرد کە بەرەو کۆتایی دەچێت.
لەسەر ئاستی ناوخۆ، ترەمپ شەڕی گەندەڵی ڕاگەیاندو جەی دی ڤانسی جێگری کردە سەرپەرشتیاری ئەو دۆسیەیە، هاوکات هێرشێکی توندیکردەسەر کۆچبەرانو کۆمەڵگەی سۆماڵی لەمینیسۆتای تۆمەتبارکرد بەبردنی پارەی باجدەران.
ترەمپ لهپهیامهكهیدا لهكۆنگرێس بەڵێنیدا بهدەرکردنی یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی مۆڵەتی شۆفێریی بۆ کۆچبەرانی نایاسایی، لهگهڵ دەرکردنی خێرای کۆچبەرە نایاساییەکان لەوڵاتهكهى، ههروهها بڕیاریدا بهپەسەندکردنی یاسای ڕزگارکردنی ئەمریکا بۆ ڕێگریی لەدەنگدانی کۆچبەران لەهەڵبژاردنەکاندا.
سەبارەت بەبڕیارەکانی دادگای باڵا لەسەر ڕەسمی گومرگی، ترەمپ نیگەرانی خۆی دەربڕییو بەنائومێدکەر وەسفیکرد، بەڵام ئهوهشى وت، "پارە هەر دەڕژێتە ناو گەنجینەی دەوڵەتەوە لەڕێگەی ڕێکاری جێگرەوەی ئاڵۆزتر".
پهیامى سهرۆكى ئهمریكا لهكۆنگرێس، نەریتێکی دەستورییەو ساڵانە سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم ئهو دامهزراوه باڵایهدا پێشکەشیدەکات بۆ خستنەڕوی پلانەکانی داهاتوو و پهیوهست بهدۆخی وڵاتهكهوه، ئەمساڵ ترەمپ جارێکی دیكه جەختی لەدروشمی ئەمریکا بەپلەی یەکەم کردەوەو نیشانیدا کە ئهمساڵ، ساڵی گۆڕانکارییە گەورەکان دەبێت لەسیاسەتی واشنتۆندا.
