ئەو موشەکەی ئەمریکا لێی دەترسێت.. بکەوێتە دەستی ئێران هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دانی سیتیرینۆڤیچ، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل و توێژەر لە پەیمانگای توێژینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی،  بڕوای وایە ئەگەر بێت و مووشەکی CM-302ی خێراتر لە دەنگی چینی بگەنە دەستی ئێران، ئەوە ڕێسای یاریی بۆ جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا بەتەواوەتیی دەگۆڕێت.

سیتیرینۆڤیچ سەبارەت بەو زانیارییانەی باس لە نزیکبوونەوەی ئێران دەکەن لە واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ چین بۆ کڕینی مووشەکی CM-302ی خێراتر لە دەنگ هۆشداریداوە، کە وەشانی هەناردەکردنی مووشەکی بەناوبانگی چینی YJ-12 و یەکێکە لە مەترسیدارترین مووشەکە دژە کەشتییەکان لە جیهاندا.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستوویەتییەوە کە گرێبەستەکە لە لێواری کۆتاییهاتندایە، بەڵام هێشتا ڕێککەوتن لەسەر کاتی ڕادەستکردن نەکراوە.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردۆتەوە کە دانوستانەکان لانیکەم پێش دوو ساڵ دەستیان پێکردووە، بەڵام دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی خێرا پەرەی سەندووە.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆمێنتی لەسەر زانیارییەکانداوە و وتویەتی کە وڵاتەکەی ڕێککەوتنی سەربازیی و ئەمنیی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەیە و ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ سوودوەرگرتن لەم ڕێککەوتنانە.
لای خۆیەوە چین بانگەشە بۆ تواناکانی مووشەکەکە دەکات  کە توانای نقوومکردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگر یان تێکشکێنەرەکانی هەیە و دەتوانیت خۆی لە بەرگرییە دەریاییەکان بدزێتەوە و بە خێراییەکی زۆر و لە ئاستێکی نزمدا بفڕێت، جگە لەوەی دەتوانرێت سیستمەکە لەسەر کەشتی یان فڕۆکە یان ئۆتۆمبێلە وشکانییە جووڵاوەکان جێگیر بکرێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی