شارپرێس:
وتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان (پاك)، لەلێدوانێکی بهپهلهدا، پەردەی لەسەر ستراتیژی نوێی حزبەکەی لاداو ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەحاڵەتی ئامادەباشی تەواودان، بەڵام مەرجى گرنگیان ههیه بۆ كۆمهڵگهى نێودەوڵەتی، دهشڵێت، "دەیان هەزار چەکدارمان لەئێستادا لەناوچە جیاوازەکانی ڕۆژههڵاتى کوردستان بڵاوەیان پێکراوە".
خەلیل نادری وتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان (پاك) بهکەناڵی جەزیرەى قهتهرى وتوه، "لهئێستادا دەیان هەزار چەکدارمان لەناوچە جیاوازەکانی ڕۆژههڵاتى کوردستان بڵاوەیان پێکراوە".
نادرى ناڕاستهوخۆ ئاماژهى بهوهكرد، كه پێگەی سەربازیی حزبەکەى، تەنها لەسنورەکان نییە، بەڵکو گەیشتوەتە قووڵایی ناوخۆی ئێران.
وتەبێژی پاک جەختیکردەوە، "هێزی ڕاستەقینەی ئێمه تەنها ئەو یەکانە نین کە لەهەرێمی کوردستانەوە دەجوڵێن، بەڵکو پشتمان بەهێزە گەورەکەمان بەستوە کە لەناوخۆی ئێراندایە، بۆیه دهبێت ئهوه ڕون بێت، شەڕەکە تەنها لەسەر سنورهكان نابێت".
وەک هەنگاوێکی سیاسییو سەربازیی گرنگ، نادری وتى، "بەشداریکردنمان لەجەنگێکی سەرتاسەریدا بەستراوەتەوە بەسەپاندنی ناوچەی دژە فڕین بەسەر ئاسمانی ڕۆژههڵاتى کوردستاندا، ئەم داواکارییەشمان ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوه بۆ پاراستنی هێزەکانمانو خەڵکی مەدەنی لەهێرشە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامی".
ئەم لێدوانانەی نادری لەکاتێکدایە، ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایەو داواکردنی ناوچەی دژە فڕین-یش، ئاستی ململانێکان لەشەڕێکی گەریلاییەوە بۆ ئەگەرێکی جەنگی نێودەوڵەتی بەرفراوانتر دەبات.
