شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی نوێی پەیمانگای ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەکانی ئاشتی (SIPRI) ئاشکرای دەکات کە بازاڕی جیهانیی چەک گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوەیەک بەپێی ئامارەکان، قەبارەی گواستنەوەی چەکە سەرەکییەکان لە نێوان ساڵانی 2021–2025 بەراورد بە پێنج ساڵی پێشوو بە ڕێژەی 9.2% زیادی کردووە.
راپۆرتەکە دەڵێت: ئەم بازدانە گەورەیە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی شەڕی ئۆکرانیا، پەرەسەندنی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و دووبارە داڕشتنەوەی هاوپەیمانییە ئەمنییەکانە لە ئاستی جیهاندا.
ئەوەش هاتووە: ئەورووپا بووەتە چەق و ناوەندی سەرەکیی هاوردەکردنی چەک لە جیهاندا، بە شێوەیەک کە هاوردەکردنی چەک بۆ ئەم کیشوەرە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی 210% زیادی کردووە و ئێستا 33%ی کۆی هاوردەی جیهانی پێکدەهێنێت، ئۆکرانیا و پۆڵەندا و بەریتانیا لە سەرووی لیستەکەدان.
هۆکاری ئەمەش تەنها شەڕی ڕووسیا نییە، بەڵکو گومان لە پابەندبوونی ئەمریکا بە بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ، وڵاتانی ئەورووپای ناچار کردووە پشت بە توانای سەربازیی خۆیان ببەستن.
لە بەرەی هەناردەکردن، ئەمریکا پێگەی خۆی وەک باڵادەستترین وڵات بەهێزتر کردووە و پشکی لە بازاڕەکەدا لە 36% بۆ 42% بەرزبووەتەوە، کە بۆ یەکەمجار لە ماوەی دە ساڵدا، زۆرینەی چەکە ئەمریکییەکان (38%) بۆ ئەورووپا ڕۆیشتوون نەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە بەرامبەردا، ڕووسیا پاشەکشەیەکی مێژوویی تۆمار کردووە و هەناردەکردنی بە ڕێژەی 64% کەمی کردووە، بەمەش پشکی لە بازاڕدا بۆ تەنها 6.8% دابەزیوە. فەرەنسا توانیویەتی ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و بە پشکی 9.8% ببێتە دووەم گەورە هەناردەکاری چەک لە جیهاندا. ئەڵمانیا و ئیتاڵیاش گەشەیەکی بەرچاویان تێدا بەدی دەکرێت.
ئیسرائیل یەکێکی دیکە بووە لە یاریزانە سەرکەوتووەکان، چونکە پشکی هەناردەکردنی بۆ 4.4% بەرزبووەوە و لە بەریتانیا پێش کەوت، ئەمەش بەهۆی خواستی زۆر لەسەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.
لە ناوچەی ئاسیا، هەرچەندە هاوردەکردن 20% دابەزیوە، بەڵام هیندستان و پاکستان هێشتا لە ڕیزبەندی پێشەوەی کڕیارانی چەکدان.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرچەندە هاوردەکردنی چەک 13% دابەزیوە، بەڵام سعوودیە هێشتا وەک گەورەترین کڕیاری چەکی ئەمریکی ماوەتەوە. لە ئەفریقاش مەغریب بە بەرزبوونەوەی 12%ی هاوردەکردنی، بووەتە یەکەمی کیشوەرەکە.
شارەزایان پێشبینی دەکەن کە بەهۆی بەردەوامی شەڕی ئۆکرانیا و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئێران، پێشبڕکێی چەکداری توندتر بێتەوە.
ئەم دۆخە ئەورووپا بەرەو وەبەرهێنانی زیاتر لە فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی موشەکی دەبات، بەڵام لە هەمان کاتدا پرسیاری قورس لای حکومەتەکان دروست دەکات دەربارەی هاوسەنگی نێوان خەرجییە سەربازییەکان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان لەم سەردەمە نوێیەی پڕ لە ململانێیەدا.