شارپرێس:
وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەو کاتەوەی جەنگ دژی ئێران دەستیپێکردوە، هێزەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل زیاتر لە15 هەزار ئامانجیان لەناو خاکی ئەو وڵاتەدا پێکاوە.
پییت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریكا، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل ڕۆژانە تێكڕا زیاتر لە 1,000 ئامانجیان پێکاوەو دەشڵێت، ڕۆژی هەینی زۆرترین هێرش لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە کراوە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، توانای وەڵامدانەوەی موشەکی ئێران بەرێژەی 90% و توانای درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانیشی بەرێژەی 95% کەمی کردوە، ئەوەش دوای ئەوەی ژێرخانی موشەکی، سەکۆکانی هەڵدانی موشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیان لەتێکشکێندران.
پییت هێگسەس لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشكرد، موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهێرشەکاندا بریندار بوەو لەوانەیە دەموچاوی شێوابێت".
ئەو فەرماندەیە لەبارەی دۆخی ناوچەکە وتی،" ئەمە ژینگەیەکی لەڕوی تاکتیکییەوە ئاڵۆزە، پێش ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان هیچ شتێک لەوێوە تێپەڕێنین، دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی کارەکانمان بەگوێرەی ئامانجە سەربازییەکانی ئێستامان ئەنجام دەدەین".
وەزیری جەنگی ئەمریکا وتیشی ،"ئێمە خەریکین لەئامانجەکانمان نزیک دەبینەوە".
سەبارەت بەهێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لەئێران، پییت هێگسەس ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بەسەرۆکایەتیی جەنەراڵێکی دەرەوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستیپێکردوە.
هێگسەس وتیشی، لێکۆڵینەوەکە تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت بەردەوام دەبێت بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی تایبەت بەو ڕوداوە.
