شەڕەکە ڕادەوەستێت، هەموو دۆڕا و هەموو براوەن؛ چۆن؟

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 50 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەم شەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وتارێک بۆ نەتەوەی ئەمریکا دەدات، بە ئەگەری زۆرەوە دوای بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشە و زاراوەی سەریروسەمەرە و بازاڕیی، وەك: ئێرانمان تەفروتونا کرد؛ ئێران چی دیکە هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل؛ ڕژێمی ئێرانمان گۆڕی، ئێستا ئێران سەرکردایەتییەکی نوێی هەیە؛ ئێران پێویستی بە دەیان ساڵە بۆ ڕاستبوونەوە، هتد، ئینجا داوا دەکات کە شەڕەکە ڕاوەستێت. بەڵام دەشکرێت کە قسە لەسەر قووڵبوونەوەی شەڕەکە بکات، کە من بە ئەگەرێکی کەمی دەبینم. پێشبینیکردن هەر بۆ خۆی شتێکی زەحمەتە، هەر چۆنێک بێت، لەم بابەتە هەوڵدەدەم قسە لەسەر ئەوە بکەم کە بۆچی ئەگەر ئێستا شەڕ ڕاوەستێ، هەموو لایەنەکانی شەڕەکە هەم براوە هەم دۆڕاون.
ئەمریکا براوەیەکی دۆڕاو
ئەم قسانەی ترەمپ ڕاستیان تێدایە بەڵام هاوکات پاساون بۆ شەڕ ڕاگرتن. فیعلەن ئێران بێهزتر بووە، ڕوخساری ڕژێمەکە گۆڕاوە و ئەگەری هەیە ڕەفتاریشی بگۆڕێت، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی بەشێکی زۆر لە توندڕەوەکان کوژران و ئەوانەی ماونەتەوە دەزانن ئەگەر ڕەفتاریان نەگۆڕن لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە زەحمەتە بژین، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران هەموو دەرودراوسێکانی کردە دوژمن.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمریکا براوەیە، چونکە گۆڕینی ڕژێم لە ڕۆژی یەکەمەوە سیاسەتی ئەمریکا نەبوو. توانای ئەتۆمی ئێران لاوازتربووە و توانا موشەکییەکانی زۆر کشاوەتەوە دواوە. پڕۆکسییەکانی ئێرانیش گورزیان پێکەوتووە، هاوکات، نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە پڕۆکسییەکان هیچ کاتێک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ نەبوون بۆ سەر ئەمریکا.
بۆ یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەش، لەوانەیە ئەمریکا ئەوە بۆ گفتوگۆکانی دوای ڕاوەستانی شەڕ دوابخات. بە ئەگەری زۆرەوە لەسەر هاوکێشەیەک پێک دێن لەگەڵ ئێرانییەکان کە ئێران نەتوانێت بۆ بۆمبی ئەتۆمی بەکاری بهێنێت، بەڵام بتوانێت بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاری بێنێت.
ئەمریکا دۆڕاوە، چونکە لە شەڕەدا شکۆ و پێگەی ئەمریکا لە زۆر ڕووەوە شکا یان زەرەری گەورەی بەرکەوت:
یەکەم، هەر ئەوەی کە ڕژێمی ئێران نەڕووخا، ئەگەر پۆلەسی ئەمریکاش نەبوو بێت، ئەوە بێتوانایی ئەمریکا نیشان دەدات.
دووەم، ئەمریکا بێ هاوپەیمانترین وڵاتە لە دنیای ئێستا، ئێرانی لێ دەرچێت. ئەمریکا بۆ ئەم شەڕەی دۆست و هاوپەیمانە هەر نزیکەکەی لە دنیا، بەریتانیا، نەک هەر نەیتوانی لەخۆی نزیک بکاتەوە بەڵکو درزێکی وای دروست کرد کە بۆ چەندین ساڵی دیکە ناکرێت پەیوەندییەکانیان وەک خۆی لێ بێتەوە.
سێیەم، ئەمریکا کە کۆڵەگەی هەر سەرەکی "ناتۆ"یە خەریکە هەڵدەوەشێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ترەمپ وەک سەدام حوسێن مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ دەکات، "اذا قال صدام قال العراق" (ئەگەر سەدام بڕیاریدا، واتە عێراق بڕیاریدا). وڵاتانی ئەوروپا ئیستێکیان بە ترەمپ کرد و هەموو بەسەریەکەوە (لانی کەم سێ زلهێزەکە: ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا) گوتیان "ئەوە شەڕی ئێمە نییە"، نەپرسمان پێ کراوە نە ناقەیەکمان لەو شەڕەدا دەست دەکەوێت.
چوارەم، ئەمریکا نەک هەر ئەوروپییەکانی لەخۆی زوویر کرد بەڵکو وڵاتانی ئاسیاشی نیگەران کرد. ژاپۆن و کۆریای باشوور و هیند و ئوسترالیا، لانی کەم لە چەند ساڵی ڕابردوو، ببوون بە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا لە دژی چین، بەڵام لەم شەڕەدا، تەنانەت ئوسترالیاش وەک جاران بەهانای ئەمریکاوە نەهات.
ئیسرائیل براوە بە تامی دۆڕاو
ئیسرئیل لەم شەڕەدا لەوانەیە تاکە دەوڵەت بێت کە لە هەمووان زیاتر قازانجی کردووە و دەکات. ئیسرائیل سەرکەوتووە چونکە:
یەکەم، لێدانی ئێران بە بۆمبێکیش بێت بۆ ئیسرائیل هەر سەرکەوتنە چ جای ئەوەی هاوشانی ئەمریکا ئەوە زیاتر لە مانگێکە بە هەزاران تۆن بۆمبیان بەسەر ئێرانەوە باراندووە.
دووەم، ئیسرائیل شکۆی دوژمنە هەرە سەرسەختەکەی شکاند. ڕۆژانە سەدان فڕۆکەی ئیسرائیل بەسەر ئێرانەوە تەڕاتێنێ دەکەن. فڕۆکەکان ڕۆژانە پەیامی باڵادەستی ئیسرائیل‌ بە ئێرانییەکان دەدەن، لە هەمان کاتدا بە هەموو وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و عەرەبیشیان دەگوت کە خۆ دەبینن، ئەوەی پێیەوە دانازن چۆن "لەژێر پێی ئێمەدا" دەلەرزێت. دروستکردنی ترس لە دڵی ئەوانی دیکە هەمیشە ستراتیجێکی سەرەکیی ئیسرائیلییەکان بووە لە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
سێیەم، ئیسرائیل، بە کەمترین خەسارەت لەو شەڕەدا دەرچووە، لانی کەم بە بەراورد بەو وڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ لە شەڕەکەدا گلاون. ئیسرائیل چەندبارە سەلماندییەوە کە لە بوارەکانی تەکنۆلۆجیای شەڕ و چەک یەکەمی بێڕکابەرە، ئەمەش بازەڕەکانی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان بۆ چەندین دەیەی دیکە گەرم دەکات.
چوارەم، ئیسرائیل لەم شەڕەدا دووبارە سەلمانییەوە کە ئەوەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کردی لە کوشتنی ئەو هەموو سەرکردە ئێرانییە لە چەند ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا ڕێککەوت نەبوو بەڵکو پلانێکی تۆکمە و ڕێکخراو بوو. هاوکات نیشانەی ئەوەیە کە ئیسرائیل نەک هەر لە تەکنۆلۆجیای شەڕ و چەک یەکەمی بێڕکابەرە بەڵکو لە سیخوڕی و لە چوونە ناو سیستەمی وڵاتانی نەیارانی. ئەمەش سەرکەوتنێکی دیکەی ئیسرائیلە چونکە ترس و دڵەڕاوکێی خستۆتە دڵی هەموو دەرودراوسێکانی، ستراتیجێک لە ستراتیجەکانی هەڕەشەی ئیسرائیلییەکان.
هەر چۆنێک بێت، بردنەوەکەی ئیسرائیل بەتامی دۆڕاو دەبێت چونکە ڕاستە کە ڕووخاندنی ڕژێم پۆلەسی بەیانکراوی نەبوو بەڵام لە گەڕی ئەمجارەی شەڕ هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو کە ڕژێم بڕوخێ، ئێران دابەش و لەرزۆک بێت. پێناچێت ئەم ئامانجەی ئێسرائیل، لانی کەم لەگەڵ ڕاوەستانی شەڕەکە لەم ڕۆژانەدا، بێتە دی. بۆیە ئەگەر لە درێژمەوداش ڕژێمی ئێران بڕوخێت، ئەوە لەم لەحزەیە ئەگەر ئیسرائیل براوەش بێت بە تامی دۆڕاوە.
ئێران دۆڕاوی براوە
ئێران ٤٧ ساڵە شەڕ بە ئیسرائیل دەفرۆشێت، وەک لە نووسینی دیکەدا ئاماژەم پێ کرد، ئێران ٤٧ ساڵە منداڵ و گەنج و پیر و ژن و پیاو بۆ شەڕ لە دژی ئیسرائیل ساز و ئامادە دەکات و دروشمی "مەرگ بەر ئەمریکا و مەرگ بەر ئیسرائیل" بە گوێ دنیادا دەدات. بەئاشکراش باس لە سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی دەکات. ئەم شەڕە و شەڕی ١٢ ڕۆژە هیچی نەسەلماندبێت فشۆڵی ئەم دروشمە چل ساڵییەی ئێرانی سەلماندووە. بێجگە لەمە، ئێران لەم شەڕە دۆڕاوە، چونکە:
یەکەم، زۆرترین زەرەری گیانی و ماددی کردووە. زۆرترین سەرکردە، لەنێویاندا، ڕابەری جمهوری ئیسلامی، ئایەتوڵا خامەنەیی، کوژراوە. ژێرخانی سەربازیی و پیشەسازی چەک و ئەمنی خاپوور کراون.
دووەم، ئێران شکۆی شکاوە بەوەی کە نەک هەر نەیتوانی ڕابەرەکانی بپارێزێت تەنانەت نەیتوانی ئەوانەش بپارێزێت کە بەرپرسیارەتی پاراستنی ڕابەر و سەرکردایەتی ئێرانیان لە ئەستۆ گرتبوو. کوژرانی چەندین وەزیری بەرگری، چەند سەرکردەی سوپای پاسداران، چەند وەزیری ئیتیلاعات، هتد، نیشانەی هیچ نەبن نیشانەی بێشکۆبوونی ئێرانن.
سێیەم، ئێران هەموو دراوسێکانی خۆی، کە خۆی بە پارێزەریان دەخستەڕوو، کردە دوژمنێکی وجودی. وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە و قەتەر و عومان، نەک هەر خۆیان وەک دوژمنی ئێران نەدەزانی بەڵکو لەم چەند ساڵەی دوای وەک دۆستێک تەماشایان دەکرد، بەڕادەیەک کە چەندین مانگ دوا لێدانی ئێرانیان دواخست. ڕاستە ئیمارات هەمیشە بەرانبەر بە ئێران توند بوو، بەڵام بە درێژایی ساڵانی گەمارۆی سەر ئێران، ئیمارات دەرچەی ئێران بوو بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان، هەم بە مسۆگەرکردنی ئەو کەلوپەلانی کە قەدەغەبوون هەم بە گەیاندنی پارە بۆ ناو ئێران. پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو زۆر زەحمەتە بگەڕێتەوە پێش قۆناغی شەڕ.
سەرەڕای هەموو ئەمانە و چەندینی دیکەش، ئەگەر ئەم شەڕە ڕاوەستێت و ئێران نەڕووخێت ئەوە سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورەیە بۆ ئێران، لانی کەم لە کورتمەودا دا. ئێران شەڕی مان و نەمانی دەکرد، بۆیە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە هەر بارێک بێت، مادام ڕژێم لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە ئەوە براوەیە.
دیارە، دەرچوونی ئێران لەم شەڕە، گرفت و کێشە ئابووری و داراییەکانی سەد بارتەقا زیاد دەکات، ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایی جەماوەری لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەگەر نەڵێم چەند مانگی دیکە، دێنێتە گۆڕێ. ئێران هێندە ماندوو بووە کە دەربازبوون لە گەڕێکی دیکەی ناڕەزایی زۆر کەمە. بەڵام بۆ ئەمڕۆ، ئێران دۆڕاوێکی براوەیە، مادام نەڕووخاوە.
وڵاتانی کەنداو، نە براوە نە دۆڕاو
وڵاتانی کەنداو بەگشتی حەزیان لێ نەبوو بچنە شەڕ لەگەڵ ئێران چ پێش شەڕ چ ئێستا. ئەوان حەزیان لێ بوو ئێران گورزێک بخوات و لاواز بکرێت بەڕادەیەک کە چیدیکە هەڕەشە نەبێت لەسەریان. ئیماراتی لێ دەرچێت پێم وانییە ئەوانی دیکە حەزیان لە داڕمانی ڕژێم بووبێت. کاتێکیش شەڕەکە ڕوویدا و ڕووی مووشەک و درۆنەکانی ئێران هێندی ڕووی لەوان بوو هێندە ڕووی لە ئیسرائیل نەبوو، ئەوە وای کرد هەموویان پێیان باشتر بێت کە ڕژێم گورزی کوشندەتری لێ بدرێت، بەڵام بەدەستی خۆیان نا بەڵکو بە دڵی ئەوان.
وڵاتانی کەنداو براوەن لەوەی کە بۆیان دەرکەوت کە توانای بەرگرییان زۆر لەوە زیاترە کە تەنانەت بەخۆشیان وێنایان دەکرد. ئەوان پێیان وابوو، کە دوای چەند مووشەکێک وڵاتەکانیان لەوانەیە تووشی شەلەل بێت و خەڵک بە هەزاران وڵاتەکانیان بەجێ بهێڵێت. بەڵام وەک چۆن زۆر سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی کۆڕۆنا بوونەوە، لەم شەڕەشدا زۆر کەس و لایەنیان سەرسووڕهێن کرد.
وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی ئیمارات و سعودیە، پێشتر ئامادەکاریی ئەوەیان کردبوو کە ئەگەر گەرووی هورمز بگیرێت دەبێت چ بکەن، بۆیە هەردوو وڵات، بۆڕی ستراتیجیان بۆ کەنارەکانی دیکە ڕاکێشابوو، ئیمارات بۆ فوجەیرا لەسەر دەریای عومان، سعودیە بۆ یەنبوع لەسەر دەریای سوور. ئەم بیرکردنەوە ستراتیجییە نیشانەی هیچ نەبێت نیشانەی ئەوەیە کە وڵاتانی کەنداو ساڵانێکە پێگەیشتوون و ستراتیجیانە بیردەکەنەوە.
بێجگە لەمە، ئەوەی کە ئەرکی سەر وڵاتانی کەنداوی سووک کرد وەبەرهێنانە گەورەکانی ئەو وڵاتانە، لەگەڵ کۆمپانیاکانیان، لە وڵاتانی دیکە بوو. هەر یەک لە قەتەر و ئیمارات سەدان ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە دەرەوەی وڵات کردووە، ئەمەش بەرگرییکردنی بەستنی گەرووی هورمزی لەسەر کەم کردنەوە.
بۆ وڵاتانی کەنداو، ئەم شەڕە ئەزموونێکی نوێ بوو چونکە ئەوە یەکەمجار بوو کە هەموویان بەسەریەکەوە بەر هەڕەشەیەکی دەرکی ڕاستەخۆ بکەون. شەڕی کوەیت کاریگەریی ڕاستەخۆی تەنیا لەسەر ئەو وڵاتە بوو، نەک ئەوانی دیکە.
بۆیە، بۆ وڵاتانی کەنداو، ڕاستە کە زەرەرێکی ماددی زۆریان لەم شەڕە کردوو، خەرجی بەرگرییان نەک هەر ئێستا بۆ دواڕۆژیش زیادی کرد و زیاد دەکات، بەڵام یەک دنیا وانەی لێ فێربوون.
کورد، نە براوە نە دۆڕاو
لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕ ترەمپ لە ڕێگەی چەند تەلەفۆنێکەوە بۆ سەرکردە کوردەکان، خەریک بوو کە کورد لەم شەڕەدا بگلێنێ. خۆشبەختانە، یان بەدبەختانە، هەر خۆی زوو پەشیمان بووە. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە کورد ڕاستەوخۆ، نە کوردانی ڕۆژهەڵات، نە کوردانی باشوور، تێکەڵ بە شەڕەکە نەبن.
دیارە شەڕ، لێدانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، هەمیشە هەلی بۆ کورد ڕەخساندووە کە لە پەراوێزی شەڕ و گەمە جیۆپۆلەتیکییەکاندا هەندێک هەل بقۆزنەوە، ئەمجارە لەبەر دوو هۆکار ئەم هەلە نەقۆستراوە، یان نەڕەخسا. یەکەم، کوردانی ڕۆژهەڵات زۆر ساز و ئامادە نەبوون. دووەم، ترەمپ و ئەمریکا هیچی ئەوەیان لێ هەڵنەدەهێنجرا کە ببێتە مایەی جووڵەی کورد.
هەرچۆنێک بێت، جووڵە نەکردنی کورد، بووە مایەی ئەوەی کە نە قازانج بکات نە زەرە.

شێرکۆ کرمانج