شارپرێس:
سیامەند عەفرینی بڵاویكردەوە، كە لەسبەینێوە زیاتر لە 200 خێزانی ئاوارەی عەفرین دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
سیامەند عەفرین، جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئەمنیی لەپارێزگای حەسەکە، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی مرۆیی و ئەرکمان بەرامبەر بەگەلەکەمان و بۆ بەردەوامبوونی ئەو هەوڵانەی کە دراون بۆ ڕێکخستنەوەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، دوەم کاروانی هاوڵاتیانی ئاوارەمان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، كەئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای ئەو هەنگاوانەی پێشوو دێت کە هەبون و دەڵێت،" دوای هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ گەڕانەوەی کاروانی یەکەم کە لەزێدی خۆیان نیشتەجێ بونەتەوە بڕیار درا كاروانی دوەم بگەڕێندرێنەوە".
سیامەند عەفرینی ئەوەشی ڕاگەیاندوە، كە سبەینێ کاتژمێر 6:00ی بەیانی، لەشوێنی کۆبونەوە لەچوارڕیانی شەهید یوسف گۆلۆ لەشاری قامیشلۆ، کاروانەکە کە لە 200 خێزان پێکهاتوە، لەڕێگەی ئۆتۆبانی M4ـەوە بەرەو شاری عەفرین بەڕێدەکەون.
جەختیش دەکاتەوە کە بەردەوامن لەکارکردن بۆ گەڕانەوەیەکی ئارام و ڕێکخراو بۆ ئاوارەکان و داوا لەو هاوڵاتیانە دەکات کە ناوی خۆیان لەم کاروانەدا تۆمار کردوە، پابەندی شوێن و کاتی دیاریکراو بن بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێت.
