قەڵاکانی ژێر زەوی.. ئەو نهێنییەی هێرشەکانی ئیسرائیل‌و ئەمریکای پەکخستوە

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1750 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا ئاسمانی ناوچەکە بەدەنگی فڕۆکە جەنگییەکان‌و تەقینەوەی موشەکە پێشکەوتوەکان دەلەرزێت، لەقوڵایی 500 مەتری ناو جەرگەی چیا سەرکەشەکانی ئێران، جیهانێکی دیکە هەیە کە یاساکانی جەنگی گۆڕیوە، گۆڤاری (دەیلی مەیل)ی بەریتانی لەڕاپۆرتێکی نوێدا پەردە لەسەر نهێنییەکی سەربازیی گەورە لادەبات‌و ده‌ڵێت، "شارە موشەکییەكان پۆڵاینن".



گرانێت.. قەڵغانە سروشتییەکەی تاران
به‌گوێره‌ى زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، سوپای ئێران تەنها پشت بەتەکنەلۆژیا نابەستێت، بەڵکو پشتی بەسەختیی سروشت بەستوە، بنکە موشەکییەکانی وەک بنکەی (یەزد)، لەناو جەرگەی بەردە گرانێتە توندەکاندا هەڵکەندراون، ئەمە تەنها تونێلێکی ئاسایی نییە، بەڵکو قەڵایەکی چەند چینە کە تەنانەت (بۆمبە سەنگەرشکێنەکان)یش، کە بۆ لەناوبردنی قوڵایی زەوی دروستکراون، لەئاستیاندا دەستەوەستانن.



تۆڕێکی جەهەننەمی لەژێر زەویدا
ئەوەی ئەم بنکانە مەترسیدار دەکات، تەنها قوڵاییەکەیان نییە، بەڵکو ئەو ئەندازیارییە ئاڵۆزەیە کە تێیدا بەکارهاتوە، ڕاپۆرتەکە باس لەبونی تۆڕێکی فراوان لەتونێل‌و ڕێڕەوی گواستنەوە دەکات کە چەندین دەرچەی جیاوازیان هەیە، ئەمە مانای ئەوەیە، سەکۆکانی هەڵدانی موشەک لەژێر زەوییەوە دەجوڵێن‌و لەشوێنێکی چاوەڕواننەکراو دەردەکەون، هاوكات سەرەڕای زیاتر له‌مانگێک لەهێرشی چڕ، ئێران هێشتا هەزاران درۆن‌و نیوەی سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی بەساغی پاراستوە.

شکستی هێرشە ئاسمانییەکان؟
ئامارە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەڕاستییەکی تاڵ دەکەن بۆ نەیارەکانی تاران، سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر دەروازەی بنکەکان، بەڵام دڵ‌و ناوەرۆکی ئەم شارە ژێرزەمینییانە هێشتا لێدەدەن، شارەزایانیش دەڵێن، "دەرگا قایمەکان‌و پێکهاتەی چەند چین"، وایکردوە تێکدانی یەک دەروازە نەبێتە هۆی پەککەوتنی تەواوی بنکەکەو ئۆپەراسیۆنەکان بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەر دەستپێدەکەنەوە.



ئەمڕۆ "شەڕی قوڵایی" بوەتە گەورەترین ئالێنگاریی بەردەم تەکنەلۆژیای سەربازیی ڕۆژئاوا، لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی کەمبونەوەی توانای سەربازیی ئێران بوو، دەیلی مەیل پێمان دەڵێت، ئەو چەکانەی لەژێر 500 مەتر بەردی گرانێتدا حەشاردراون، هێشتا ئامادەی گۆڕەپانەکەن.