شارپرێس:
ڕاپۆرتە میدیایییەکان وردەکاریی پرۆسەیەکی ڕزگارکردنی ئاڵۆزیان ئاشکرا کردووە کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتە بۆ ڕزگارکردنی ئەفسەرێکی فڕۆکەوانیی فڕۆکەیەکی F-15 لە ناوخۆی ئێراندا ئەنجام دراوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئاژانسەکە کەمپەینێکی چەواشەکاریی بەرفراوانی بۆ سەرلێشێواندنی هێزە ئێرانییەکان دەستپێکردووە و زانیاریی وای بڵاوکردۆتەوە کە یەکێک لە ئەندامانی تاقمەکە ڕزگارکراوە و لە ڕێگەی کاروانێکی وشکانییەوە گوازراوەتەوە، ئەمەش بە ئامانجی دوورخستنەوەی سەرنجەکان لە شوێنی ڕاستەقینەی ئەفسەرەکە.
ئەوەش هاتووە: ئەو ئەفسەرە دوای تێکشکانی فڕۆکەکەی لە باشووری ڕۆژاوای ئێران بە پەرەشوت بازیدابوو و لەناو دۆڵێکی شاخاوی سەختدا خۆی حەشاردابوو، بۆ ماوەی نزیکەی 48 کاتژمێر لەوێ مابوەوە بێ ئەوەی هیچ لایەنێک شوێنەکەی بزانێت.
بەرپرسانی ئەمریکی پرۆسەکەیان بە گەڕان بەدوای دەرزی لە ناو کۆمەڵێک کادا وەسف کردووە، بەڵام دواجار ئاژانسەکە توانیویەتی لە ڕێگەی تەکنیکی پێشکەوتوو و پەیوەندیی کۆدکراوەوە شوێنەکەی دیاری بکات.
باس لەوەشکراوە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئەرکی جێبەجێکردنی گرتە ئەستۆ و لە کاتی نزیکبوونەوەی هێزە تایبەتەکان، پێکدادانی مەیدانیی ڕوویدا و هێرشی ئاسمانیی بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی هێزە ئێرانییەکان ئەنجام دراوە.
دەشڵێت: ئیسرائیلیش هاوکاریی هەواڵگریی پێشکەش کردووە و هەندێک چالاکیی سەربازیی خۆی ڕاگرت بۆ ئاسانکاریی ئەرکەکە.
لە کۆتاییدا پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و ئەفسەرەکە ڕزگارکراوە، تەنیا چەند بریندارییەکی سوک لە ڕیزەکانی تاقمەکەدا هەبوو بەبێ زیانی گیانی گەورە لە یەکێک لە ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن.