حزبەکانی رۆژهەڵات وەڵامی ترەمپ دەدەنەوەو دەڵێن: چەکمان وەرنەگرتوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 819 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان قسەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی وەگرتنی چەک لەئەمریکا رەتدەکەنەوەو دەڵێن،" هیچ جۆرە چەک و هاوکارییەکی سەربازییان لە ئەمریکاوە پێنەگەیشتوە ".


کاکۆ عەلیار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە کەناڵی روداوی نزیک لە پارتی راگەیاند: "وەک حیزبی خۆمان، هیچ چەکێکمان بۆ نەهاوە و هیچیشمان وەرنەگرتووە، تەنانەت ئاگاداری بابەتەکەش نین. پێشتر هیچ باسی ئەو بابەتە نەکراوە و لەو بارەیەوە کەس قسەی لەگەڵ نەکردووین و قسەشمان لەگەڵ کەس نەکردوە."

لەسەر هەمان پرس، محەممەدنەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکا (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) باسی لەوەکرد: "سیاسەتی ئێمە ئەوە نییە خۆپێشاندان بە توندوتیژی و رێکاری توندوتیژ بکەین، بەڵکو ئێمە رامان وایە دەبێت داواکارییەکانمان بە شێوازێکی ئاشتییانە و مەدەنییانە بکەین بەبێ چەک. ئەو قسانەی کراون بێ بنەمان و ئێمە هیچ چەکێکمان وەرنەگرتووە ".

وتیشی،"ئەو چەکانەی هەمانە هی 47 ساڵ پێش ئێستان و دەستکەوتمان بون لە مەیدانی شەڕی کۆماری ئیسلامی، هەندێکیشمان لە بازاڕ کڕیوە."

هاوکات، ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد: "ئەو چەکانەی هەمانە چەندین ساڵە لامانە، هی 30 بۆ 40 ساڵ لەمەوبەرن. هەندێکیشمان لەم دواییانەدا لە بازاڕی رەش کڕیوە، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە یەک فیشەک و یەک چەکمان لە هیچ وڵات و شوێنێک وەرنەگرتووە و ئاگاداری بونی کارێکی لەو شێوەیەش نین ".

لەلایەکی دیکەوە، هامنۆ نەقشبەندی، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی سوپای میللیی کوردستان (سەربە پارتی ئازادیی کوردستان) رایگەیاند: " پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێمە ناڕونە، ئەوەی هەیە ئەوەیە کە ئێمە وەک سوپاکەمان بە هیچ شێوەیەک نە لە ئەمریکا و نە لە هیچ وڵاتێکی دیکە چەکمان وەرنەگرتوە، تەنانەت فیشەکێکیش".

هامنۆ نەقشبەندی گوتی: "چەکەکانی ئێمە بۆ کاتی شەڕی پارتیزانیی دوو تا سێ دەیە لەمەوبەر دەگەڕێنەوە، بەشێکیشیان هی سەردەمی شەڕی داعشن."

ئەم وەڵامانەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (فۆکس نیوز) رایگەیاند، واشنتن لەڕێگەی کوردەکانەوە چەکی بۆ خۆپێشاندەرانی نێو ئێران ناردووە، بەڵام گومانی هەبوو لەوەی چەکەکان گەیشتبنە دەست خۆپێشاندەران و گوتبووی: "پێموایە کوردەکان چەکەکانیان بۆ خۆیان هەڵگرت."