ارپرێس:
کاتێک فڕۆکەی وهفدى ئێرانی لەئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان نیشتەوە، قەبارەی وهفدهكه بەرپرسانی ئەمریکاى توشی سەرسوڕمان کرد، لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی تێلیگراف دەڵێت، 69 پیاوو 2 ژن بەجلی یەکپۆشی ڕەشەوە لەفڕۆکەیەک دابەزین کە بەرەو هۆتێل سێرینا بەڕێکەوتن.
ئەم وهفده کەسایەتیی وەک محەمەد باقر قالیبافو عەباس عێراقچیو چەندین بەرپرسی باڵای سەربازییو ئەمنیی لەخۆگرتبوو، هەرچەندە ئامانجی دیار گفتوگۆی ئاشتیی بوو، بەڵام ئەم گەشتە مەبەستێکی دیكهى شاراوەی لای ئێرانییەکان هەبوو، ئەویش دابینکردنی شوێنێکی ئارام بوو بۆ کۆبونەوەی ڕوبەڕوی سەرکردەکانی ئێران کە لەدوای 28 شوباتەوە بەهۆی هێرشەکانەوە نەیانتوانیبوو پێکەوە کۆببنەوە.
بەرپرسێکی ئێرانی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەوان 40 ڕۆژ بوو بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕان بۆ هەماهەنگییو بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بەبێ ترس لەهێرشی ئاسمانیی.
وهكو ڕۆژنامهكه باسیكردوه، لەڕاستیدا ئەمریکا بەبێئەوەی بیەوێت، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ڕەخساندن تا پلانەکانیان بۆ داهاتوو دابڕێژن.
ئهوهش هاتوه، "ئەمە دەریدەخات کە سیستەمی حوکمڕانیی لەئێراندا بەجۆرێکە کە پێویستی بەنزیکیی جەستەییو کۆبونەوەی ڕاستەوخۆ هەیە بۆ بڕیاردان، چونکە ململانێی باڵەکانو ستراتیژییە سەربازییەکان، بەبێ دانیشتنی ڕاستەوخۆ چارەسەرناکرێن".
لەکاتێکدا کە هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ناوەندەکانی فەرماندەیی لەتارانو ئەسفەهانو قوم، بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی دەوڵەتی توشی ئیفلیجی کردبوو، ئەم گەشتەی پاکستان بوە هۆی ئەوەی سەرکردەکان بتوانن تەنانەت پەیامی موجتەبا خامنەیی بگەیەنن، کە لەدوای کوژرانی باوکییەوە تائێستا دهرنهكهتوه".
لەلایەکی دیكهوه، گوماندەکرێت هەواڵگریی ئەمریکا سودی لەم دەرفەتە وەرگرتبێت بۆ ناسینەوەو چاودێریکردنی وردی ئەندامانی وهفدهكهو ئەم زانیارییانە دەتوانن لەداهاتودا وەک لیستێکی ئامانج بۆ هێرشەکان بەکاربهێنرێن ئەگەر گفتوگۆکان شکستی کۆتایی بهێنن.
هەرچەندە هەردولا ڕایانگەیاند، خولی وتوێژەکان لەئیسلام ئاباد بەبێ ڕێککەوتنی کۆتایی کۆتاییهاتوەو یەکتریان بەبەرپرسیارزانیی، بەڵام بۆ ئێران گرنگیی کۆبونەوە ناوخۆییەکانو هەماهەنگیی نێوان ژەنەڕاڵەکانو پیاوانی ئایینی زۆر زیاتربوو لەئەنجامی خودی دانوستانەکان.
