یونسکۆ ئامارێکی مەترسیدار لەجیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئاشكرادەكات

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1037 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، نزیکەی 45 ملیۆن منداڵ بەهۆی هەڵکشانی شەڕ و قەیرانە مرۆییەکانەوە لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدان، ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر پەروەردە و دەروونیان دروست کردووە. 

 
لیلی نایستانی لە ڕێکخراوی یونسکۆ جەختی لەوە کردۆتەوە کە زیاتر لە 52 ملیۆن منداڵ بەهۆی تێکچوونی قوتابخانەکان یان بەکارهێنانیان وەک پەناگە، لە خوێندن دابڕاون.

 ئامارەکانی یونسکۆ و یونسێف نیشانی دەدەن کە 95 ملیۆن کەس لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی مەترسی ژیان دەبنەوە، کە 45 ملیۆنیان منداڵن؛ هەروەها 39.8 ملیۆن منداڵ پێویستیان بە خزمەتگوزاریی پاراستن و 35.2 ملیۆن منداڵیش پێویستیان بە پاڵپشتیی پەروەردەیی هەیە.

داوود میسری و بەرپرسانی تری نێودەوڵەتیی ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ساڵی 2005ـەوە تا ئێستا، زیاتر لە 127,000 پێشێلکاری گەورە دژی منداڵان لەم ناوچەیەدا تۆمارکراوە، کە دەاتە 33 لە سەدی کۆی پێشێلکارییەکان لە ئاستی جیهاندا. 

تەنها لە ساڵی 2024دا، زیاتر لە 13,200 پێشێلکاریی وەک کوشتن، شێواندن، بەکارهێنانی منداڵ بۆ چەکداریی و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان دیکۆمێنتکراون، جگە لەمانە، ناوچەکە میوانداریی 15.6 ملیۆن پەنابەر و 16.2 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی دەکات کە منداڵەکان تێیدا قوربانی یەکەم و سەرەکین.

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، منداڵان خاوەن پاراستنێکی تایبەتن، بەڵام قەیرانەکان بەردەوامن و ئێستا 273 ملیۆن منداڵ و گەنج لەسەر ئاستی جیهان لە دەرەوەی پرۆسەی خوێندندان.

 ئەم ژمارەیە بۆ حەوتەم ساڵە لەسەریەک بەهۆی شەڕ، گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بودجەی پەروەردەیی لە زیادبووندایە. 

پسپۆڕان داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هەماهەنگییەکانیان زیاتر بکەن بۆ پاراستنی دامەزراوە فێرکارییەکان و دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان کە ئێستا زۆر زیاترن لەو سەرچاوانەی لەبەردەستدان.