وتەبێژی یەكێتی: ئەمڕۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك ئاڵوگۆڕ دەكرێت‌و هیچ پەیوەندییەكی بەسەرۆك كۆمارەوە نییە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 550 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی یەكێتیی زانیاری نوێ لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ بەرەی تورکمانی ئاشکرادەکات و دەڵێت، ئەو گۆڕانکارییانە هیچ پەیوەندییەكیان بە پۆستی سەرۆك كۆمارەوە نییە.


كاروان گەزنەیی وتەبێژی یەكێتیی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكرێت، دەمانەوێت دووبارە سوپاسی كاك رێبوار بكەین ".

وتیشی،" ئەم هەنگاوی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەر مەبنای سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی مام جەلالە. كە سیاسەتی چەپكەگەڵەكەو پێكەوەژیانە ".

وتەبێژی یەکێتی باسی لەوەشکرد،" کاتی خۆی مام جەلال لە كەركوك پرۆژەیەكی پێشنیاز كرد بۆ دابەشكردنی مافی پێكهاتەكان 33 بە 33، ئەمڕۆ ئێمە ئەم سیاسەتەی سەرۆك مام جەلال بە حیكمەتی بافڵ تاڵەبانی جێبەجێی دەكەین ".

کاروانی گەزنەیی رونکردنەوەی زیاتری دا و رایگەیاند،" ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كەركوك هیچ پەیوەندییەكی دوورو نزیكی بە سەرۆك كۆمارەوە نییەو بەرمەبنای رێككەوتنێكە كە بەر لە دوو ساڵ كراوەو ئێمە حزبێكی راستگۆین و پابەندین بەو رێككەوتنەوە ".