شارپرێس:
مەسعود بارزانی رایدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەك
لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە "سەفەقاتی گوماناویی فندەق ڕەشید"
یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنوسی كەركوكییەكان بكرێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە ماكسیم
ڕۆبین، كونسوڵی گشتیی ڕوسیا لە هەولێر كردو دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی
ناوچەكەیان تاوتوێکرد.
بەپێی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی رایگەیاندوە، هەرێمی كوردستان هیچكات لەگەڵ بونی شەڕو گرژیدا نەبوەو پێیوایە هیچ
كێشەیەك لەڕێگەی شەڕو ململانێیی سەربازی چارەسەر نابێتو دەبێ گرفتەكان لەڕێگەی
دانوساندن و دیپلۆماسیەوە چارەسەر بكرێن.
وتیشی،" هەرێمی
كوردستان هیچكات بەشێك نەبوەو بەشێك نابێت لەو شەڕو تێكهەڵچونانەی لە ناوچەكەدا
هەیەو پشتیوانی لەهیچ جموجۆڵی سەربازیو شەڕێك لە ناوچەكەدا نەكردوە، بەڵام
بەداخەوە سەرباری ئەو هەڵوێستە ڕونو ئاشكرایەش زوڵمێكی زۆر لەهەرێم كراوەو بەهۆی
پەلاماری بەرفراوانی موشەكیو درۆنییەوە ژمارەیەك هاوڵاتیی هەرێم شەهید و بریندار
بونە ".
لەبارەی پرسی
پارێزگای كەركوك، مەسعود بارزانی باسی لەوەکردوە،" پێمانوایە كەركوك دەبێ ببێتە
شارێك كە نمونەی پێكەوەژیانو برایەتیی پێكهاتەكان بێتو پارتی هەمیشە لەگەڵ مافی
هەموو پێكهاتەكان بوەو زۆرجار لەپێناو پێكهاتەكانو خەڵكی تر لە مافی خۆی خۆش بوەو
قوربانی بە دەستكەوتەكانی داوە".
ئەوەشیخستەڕوو،"
بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی فندەق
ڕەشید یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت ".
