ئایا ڕکابەریی تورکیاو ئیسرائیل دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی سەربازیی؟

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەی "ئیزڤێستیا"ی ڕووسی، گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل تەنیا ململانێیەکی زارەکیی کاتیی نین، بەڵکو ئاماژەن بۆ ئەگەری بەرەوڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ڕاستەقینە لە داهاتوودا.

 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە هەردوو وڵات لە کێبڕکێیەکی تونددان بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا، چونکە هەردوولا بڕوایان وایە هەر پاشەکشەیەک لە بەرامبەر ئەوی تریان، دەبێتە هۆی شکستێکی ستراتیژیی گەورە کە قەرەبوو ناکرێتەوە.

دەشڵێت: ئیسرائیل ئێستا تورکیا وەک هەڕەشەیەکی گەورە و گەشەسەندوو دەبینێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەنقەرە لە دوای ساڵی 2011 و سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، توانیویەتی پێگەی خۆی لە سووریا، لیبیا، باشووری قوقاز و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەهێز بکات و تواناکانی سوپاکەی بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە پێ بدات.

ئەوەش هاتووە: لە ناوەندە سیاسیی و میدیاییەکانی ئیسرائیلدا، تێڕوانینێک درووست بووە کە دەڵێت ڕەنگە ئێران تەنیا نەیارێکی کاتیی بێت، بەڵام تورکیا لەسەر مەودای دوور دەبێتە دوژمنێکی سیستماتیکی و ئاڵۆزتر کە مەترسیی جیددی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تەلئەبیب هەیە.

لەبەشێکی تردا دەڵێت: بەڵام تورکیا لەم بابەتەدا حیساباتی تایبەتیی خۆیشی هەیە، بەشێوەیەک بۆ ئەردۆغان ڕووبەڕووبوونەوەی توند لەگەڵ ئیسرائیل دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی وێنەی خۆی لە جیهانی موسڵماناندا، نەک تەنها فشاری دەرەکی.

 هەروەک ئەنقەرە بە وردی گرنگی بە هەر پەیوەندییەکی نێوان ئەکتەرە دەرەکییەکان و پێکهاتە کوردییەکانی پەیوەست بە پەکەکە دەدات، چونکە ئەمە نوێنەرایەتیی پرسێکی وجودییە بۆ دەوڵەتی تورکیا. بۆیە هەر گومانێک کە ڕەنگە ئیسرائیل پەیوەندی بە هێزە کوردییەکانەوە بکات، دەستبەجێ ململانێکان لە بابەتی دیپلۆماسییەوە دەگۆڕێت بۆ پرسێکی ئاسایشی نەتەوەیی.


بەپەلە