ترەمپ کۆمپانیاکانی ئوتۆمبێل ناچار بەبەرهەمهێنانی چەک دەكات

ئابوری

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 204 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییە نوێکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەستی کردووە بە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی پیشەسازیی ئەمریکا، بەتایبەت کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل وەک جەنەڕاڵ مۆتۆرز و فۆرد، بە مەبەستی ڕاکێشانیان بۆ ناو کەرتی بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی سەربازیی. 

 
چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە پێکهاتەی ئابووریی ئەمریکا بەرەو "ئابووریی جەنگ" و ئامادەکارییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی درێژخایەن، بەتایبەت لە سایەی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا.

 ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە واشنتۆن هەستی بە کورتهێنان کردووە لە توانای کۆمپانیا بەرگرییە کلاسیکییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆگا سەربازییەکانی ئەمریکا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و پاڵپشتییەکانی ئیسرائیل لە غەززە و ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران تووشی بەتاڵبوونەوە بوون.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەیەوێت سوود لە هێڵە پێشکەوتووەکانی پیشەسازیی مەدەنیی وەربگرێت بۆ خێراکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی چەک و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ستراتیژییەی دروست بووە. 

هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانەدا، ئیدارەی ترەمپ داوای زیادکردنی بودجەی سەربازیی کردووە بۆ بڕی 1.5 تریلیۆن دۆلار، کە نزیکەی 500 ملیار دۆلار زیاترە لە بودجەکانی پێشوو.

 ئەم زیادکردنە داراییە گەورەیە شانبەشانی تێکەڵکردنی کەرتی مەدەنیی لە پیشەسازیی جەنگیدا، نیشانەی ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی بۆ قۆناغێکی نوێی پڕ لە ململانێی سەربازی ئامادە دەکات کە پێویستی بە دووبارە ڕێکخستنەوەی سەرجەم تواناکانی دەوڵەت هەیە بۆ بەرگەی گرتنی جەنگە گریمانکراوەکان لە چەندین بەرەی جیاوازدا.


بەپەلە