ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی: دۆخی گەروی هورمز گەیشتۆتە ئاستێکی نالەبارو دووهەزار کەشتی گیریان خواردوە

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4013 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەرسینیۆ دۆمینگێز، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانیی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئێل پایس" ڕایگەیاندووە کە دۆخی گەرووی هورمز گەیشتۆتە ئاستێکی نالەبار بەهۆی دەرهاویشتەکانی جەنگ دژی ئێران، ئێستا نزیکەی 2000 کەشتیی و 20000 دەریاوان لەناو ئاوەکانی کەنداودا گیریان خواردووە و توانای تێپەڕبوونیان نەماوە.

 
دۆمینگێز جەختی کردۆتەوە کە ئەم دۆخە مەترسییەکی زۆری بۆ سەر دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک، ئاو و سووتەمەنی بۆ ئەو دەریاوانانە دروست کردووە، هەرچەندە وڵاتانی ناوچەکە هاوکاریی پزیشکیی و مرۆیی پێشکەش دەکەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە پلانێک بۆ چۆڵکردنی کەشتییەکان لەگەڵ ئێران و عومان لە قۆناغی گفتوگۆدایە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت و مەرجی سەرەکیی دەستپێکردنی، پاککردنەوەی ناوچەکەیە لە مینە دەریاییەکان. 

باسی لەوەشکردووە کەدوای دڵنیابوونەوە لە پاراستنی ئاسایش، پێشبینی دەکرێت ڕۆژانە نێوان 130 بۆ 135 کەشتی تێپەڕن تا هاتوچۆ ئاسایی ببێتەوە.

سەبارەت بە لایەنی یاسایی، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانیی دووپاتی کردۆتەوە کە هیچ وڵاتێک مافی نییە بە شێوەیەکی تاکلایەنە باج یان ڕێڕەوی نوێ لە گەرووەکەدا بسەپێنێت، چونکە مافی ئازادیی دەریاوانی لە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا جێگیرە ناکرێت بکرێتە بابەتی دانوستان و ویستی جیهانیش بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە کاتێک زیاد دەکات کە کاریگەرییە ئابوورییەکان ڕاستەوخۆ دەگەنە دەست خەڵک، چونکە گواستنەوەی دەریایی شادەماری ئابووری جیهانە.