شارپرێس:
کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاریدا گەروی هورمز بەتەواوی بکاتەوەو دەڵێت،" تاوەکو کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستەکە گەروەكە بۆ سەرجەم كەشتییە بازرگانییەكان بەكراوەیی دەمێنێتەوە".
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، گەروی هورمز بەڕوی کەشتییە بازرگانییەکاندا تاوەکو کۆتایی ئاگربەست کراوە دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران لەنوسینێێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وتی، هاتوچۆی کەشتییەکان لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا، دەبێت لەسەر ئەو رێڕەوە هاوئاهەنگیکراوە بێت کە پێشتر لەلایەن رێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوە.
هاوكات، دەزگای بەندەرەکان و کەشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد،"هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستی لوبنان، تێپەڕبونی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان بەگەروی هورمزدا بۆ ماوەی ماوەی ئاگربەستەکە بەتەواوی کراوە دەبێت".
جەختیش دەكاتەوە، كە گەروەكە تەنیا لەو ڕێڕەوە دیاریکراوانەی کە پێشتر ڕاگەیەندراون هاتوچۆ ئاسایی دەبێت".
ئەمە لەكاتێكدایە، شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئاگربەسێكی 10 ڕۆژەی ڕاگەیاند.