سه‌برى به‌همه‌نى له‌باره‌ى سلێمانیه‌وه‌ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەیامێکی پڕ لەسۆزو نیشتمانپەروەریدا، سەبری بەهمەنی چالاکی ناسراوی مەدەنی‌و سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تیشکدەخاتەسەر پێگە مێژوییەکەی شاری سلێمانی‌و وەک "نیشتمانی دوەمی ڕۆژهەڵاتییەکان" ناوى ده‌بات، ده‌شڵێت، "سلێمانی تەنها پەناگەیەک نەبوو بۆمان، بەڵکو بوەتە ماڵە گەورەکە".

سه‌برى به‌همه‌نى چالاکی مەدەنی‌و سیاسیی ڕۆژهەڵات له‌په‌یامێكدا ده‌ڵێت، "بۆ ئەوانەی بەهۆی خەبات‌و فشارەکانەوە لەشارەکانی وەک سنە، مەریوان، بانەو بۆکان دابڕاون، سلێمانی تەنها پەناگەیەک نەبوە، بەڵکو بوەتە ماڵە گەورەکەو خەڵکەکەشی وەک خوشک‌و برا بونەتە بنەماڵەی دوەمیان".

 

ئەو چالاکوانە هۆشداریدەدات لەوەی، نابێت ڕێگە بدرێت کەمتەرخەمی چەند کەسێک، وێنای ئەوشارە مێژوییە تێکبدات یان ئەو هەموو قوربانی‌و هاوسۆزییە نەتەوەییەی کە لەنێوان سلێمانی‌و ڕۆژهەڵاتدا هەیە، سفر بکرێته‌وه‌. ئەم پەیامە لەکاتێکدایە کە سلێمانی هەمیشە وەک پایتەختی ڕۆشنبیریی‌و پشتیوانیی پارچەکانی دیكه‌ى کوردستان ناسراوەو قسەکانی سه‌برى بەهمەنی-ش جارێکی دیكه‌ جەخت لەسەر ئەو پردە پۆڵایینە دەکەنەوە کە بەخوێن‌و خەبات لەنێوان سلێمانی‌و شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا بونیادنراوە.

په‌یامه‌كه‌ى ئه‌و چالاكوانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى نیشتمانیش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەى دروستبوه‌ له‌دوای شەهیدبونی غەزەل مەولان كه‌ بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە بریندارو دواتریش لەچەند نەخۆشخانەیەکی ئەم شارە بەپاساوی جۆراوجۆر وەرنه‌گیراو دواجاریش شه‌هیدبوو.

ئەم ناڕەزایەتییە فراوانەی خەڵکی سلێمانی‌و چالاکوانان، تەنها بۆ غەزەل نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی ئەو شوناسە نەتەوەییەیە کە سلێمانی وەک ماڵی دوەمی هەموان دەهێڵێتەوە، خەڵک نایانەوێت کەمتەرخەمی کەسانێک یان فشارە سیاسییەکان ئەو مێژوەی برایەتییە سفربكرێته‌وه‌، غەزەل بوە هێمایەک بۆ ئەوەی کە سلێمانی دەبێت هەر بەوشاری پەناگەو ئومێدە بمێنێتەوە کە بەهمەنی‌و هەزاران تێکۆشەری دیكه‌ لێیان ڕوانیوە، نەک ببێتە شوێنێک کە تێیدا برینە نەتەوەییەکان بەهۆی ساردیی دەزگاکانەوە قووڵتر ببنەوە.