شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی لەگەڵ فەرەنساو هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی تر، پلانێکی هاوبەشیان بۆ پاراستنی ئازادیی دەریاوانی ڕاگەیاندوە، تا هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەروەکەدا بەبێ باج و کۆتوبەند بێت.
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لەپەیامێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کردنەوەی گەرووی هورمزی بەهەواڵێکی باش وەسف کردو جەختی لەسەر پێویستیی دابینکردنی ئاسایش بۆ هاتوچۆی بازرگانی لەناوچەکەدا کردەوە.
ستارمەر ڕاشیگەیاند، دەبێت چارەسەری کێشەی گەروی هورمز درێژخایەن و کردەیی بێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هاتوچۆی کەشتییەکان لەو گەروە ستراتیژییەدا بەبێ سەپاندنی هیچ جۆرە باجێک یان دانانی کۆتوبەند لەسەر رێڕەوە دەریاییەکان بێت.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاشکرایکرد کە ئەمڕۆ وڵاتەکەی لەگەڵ فەرەنساو کۆمەڵێک هاوبەشی نێودەوڵەتی، پلانێکی هاوبەشیان بۆ پاراستنی ئازادیی دەریاوانی راگەیاندووە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە ڕوبەڕوی قەیرانی وزەو پەککەوتنی بازرگانی ببوەوە.
ستارمەر دوپاتیکردەوە کە جیهان پێویستی بەگەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیرییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوای کرد هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ گەیشتن بەئاگربەستێکی هەمیشەیی لەململانێی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێراندا.
