ڕونکردنەوە لەکەیسی شەهید غەزاڵ دەدرێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 964 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەوین میهراوەر، ئەندامی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵە،  بەچەند خاڵێك ڕونكردنەوە لەسەر كەیسی شەهید غەزاڵ دەدات.


یەکەم:
نەخۆشخانەی شۆڕش لەدامەزرانیەوە تا ئێستا، وەک نەخۆشخانەی پێشمەرگەو بەهاناچون ناسراوە. بەتایبەتی بۆ ئێمە لەسنوری سلێمانی، وەک نەخۆشخانەی خۆمان چاومان لێکردوە. هەربۆیە، ئەگەر لای ئێمە ووداوێکی لەناکاو، وەک برینداری یان شتی لەو چەشنە ڕوبدات، خێرا ڕەوانەی ئەوێمان کردوەو وەڵاممان بینیوە.
بەڵام، بەداخەوە، ئەو شەوە لە حاڵەتی غەزاڵ وەک پێشوو نەبوو، و بۆ خۆیان هاوڕێیانی ئێمەیان ڕەوانەی نەخۆشخانە ئەهلیەکان کرد. هەروەها، ئەو دکتۆرە بەڕێزەش کە لەگەڵ غەزاڵ لەناو ئامبۆلانسدا بوو، تەلەفونی بۆ نەخۆشخانەکان کردوە.

دوهەم:
جەستەی غەزاڵ بەهۆی برینە زۆرەکانییەوە خەڵتان خوێن بوبوو. جگە لەوەش، تەنها جەستەی نەبوو، بەڵکوو سەر و قژی پڕبوو لە خاشاکی تەقینەوە و وردە پەلاستیک و ماددەی تر.
هەربۆیە، شۆردنەکەی نەک  لەبەر دەستوری ئایینی و سونەت، بەڵکوو لەبەر ئەوە بوو کە بە پاکی و خاوێنی، لەکاتی نەبونی خانەوادەکەی، بەخاکی پیرۆزی کوردستان بسپێردرێت.

سێیەم:
گوایا مزگەوت ئامادەکراوەو رەتکردنەوەی ئەو داوایە ڕاست نییە. بەپێی زانیارییەکان، مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران ئامادەکراوە.
ئێمە ئەمە ڕەت ناکەینەوە، چونکە لەسلێمانی کەسانێکی زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵیان داوە لە ڕێکخستن و ئەسپەردەکردندا بەشداری بکەن. دەتوانرێت ئەمە ڕاست بێت، بەڵام هاوڕێیانی ئێمە کە لەگەڵ تەرمەکە بوون، لەو هەوڵ و دڵسۆزییانە ئاگادار نەبوون.

چوارەم:
هەرچەند ئێمە ڕاگەیاندنمان نەدابوو کە تەرمەکە ئەنێژین، بەڵام خەڵکێکی زۆر ئامادەی بەشداریی بوون.
لە هەمان کاتدا، گۆڕستانی زڕگوێز کە پێشتر چەند شەهیدێکی ئێمە لەوێدا نێژرابوون، کرایە ئامانجی مووشەکی کۆماری ئیسلامی. پاشان، ئێمە ڕامانگەیاند کە ناینێژین،هەر بۆیە بە ژمارەیەکی کەم لە هاوڕێیان، لەگەڵ چەند جوامێرێکی سلێمانی و لە تەنیشت هاوڕێیانی گوردانی شوان، نێژرا.

پێنجەم:
لەبەر ئەوەی گواستنەوەی تەرمەکە زۆر ئاشکرا نەبێت، لە هیچ ئورگانێک یان لایەنێک داوای ئامبۆلانسمان نەکرد. بە باشمان زانی بۆ ڕەچاوکردنی دۆخی ئەمنی، بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی تەرمەکە بگوازرێتەوە.

شەشەم:
ئەسپەردەکردنی تەرمی هاوڕێی گیانبەختکردوو غەزاڵ، لە تەنیشت دوکتۆر جەعفەر و کاک سدیق، وەک چالنجێکی جدی بوو بۆ ئێمە، و پێمان باش نەبوو خواستی کۆماری ئیسلامی سەر بگرێت.

کۆتایی:
لەکۆتاییدا، بەش بە حاڵی خۆم دەستی یەکە بە یەکەی ئەو خۆشک و برایانەی سلێمانی دەگووشم کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەو پەڕی لەخۆبردووییەوە لەگەڵ هاوڕێیانمان بوون.
هەروەها، ئەو دەنگۆ و هەوڵانەی کە ئەیانەوێت مەودایەک لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور دروست بکەن، بە بوونیان پووچەڵ کرایەوە.