شارپرێس:
سوپای ئەمریکا بەهۆی شەڕی دژ بەئێران، بەشێکی بەرچاوی کۆگاکانی چەکی ستراتیژیی بەکارهێناوە، ئەمەش نیگەرانییەکی قووڵی دروستکردوە سەبارەت بەتوانای بەرگریی ئەمریکا لەئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی داهاتودا لەگەڵ نەیارێکی بەهێزتر وەک چین.
بهگوێرهى توێژینەوەیەکی نوێی ناوەندی ستراتیژییو نێودەوڵەتی (CSIS)و بەپشتبەستن بەداتاکانی پنتاگۆن، ئەمریکا لەحەوت هەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا نزیکەی 45%ی موشەکە وردپێکەکان، زیاتر لە50%ی موشەکەکانی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت"و لانیکەم نیوەی موشەکەکانی "ساد"ی بۆ بەرگریی دژی موشەکە بالیستییەکان بەکارهێناوە.
هەروەک ڕێژەی بەکارهێنانی موشەکەکانی "تۆماهۆک" گەیشتوهتە 30%و موشەکە دورهاوێژە ئاسمانییەکان بۆ زەویو سیستەمەکانی SM-3و SM-6 بەڕێژەی 20% کەمیانکردوە.
سەرەڕای ئەوەی پنتاگۆن گرێبەستی نوێی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان واژۆکردوە، بەڵام شارەزایان هۆشدارییدەدەن کە پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانە کاتێکی زۆری دەوێت؛ بەشێوەیەک کە گەڕانەوە بۆ ئاستی کۆگاکانی پێش شەڕ، پێویستی بە 3 بۆ 5 ساڵ هەیە.
مارک کانسین کە یەکێکە لەنوسەرانی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەم کەمبونەوەیە خاڵی لاوازی لەڕۆژئاوای زەریای هێمن دروستکردوە.
لەبەرامبەردا، پنتاگۆن بەفەرمی ڕایگەیاندوە، سوپا هەموو ئەو پێداویستییانەی هەیە کە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پێویستنو جبەخانەی پێویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەئارادایە.
دۆناڵد ترەمپیش بەهەمانشێوە جەختیکردوهتەوە کە کێشەی نەبونی چەکیان نییە، بەڵام داوای بودجەی زیاتری کردوە بۆ بەهێزکردنی تواناکانیان.
ئەم دۆخە مشتومڕێکی سیاسیی لەواشنتۆن دروستکردوە، دیموکراتەکان لەکۆنگرێس پرسیاری ئەوە دەکەن کە چۆن دەکرێت بەردەوامبن لەدابینکردنی پێداویستییەکان بۆ شەڕەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو هاوکات پشتیوانیی ئۆکرانیاو ئیسرائیل بکەن، بەتایبەت کاتێک نەیارانی وەک ئێران بەخێرایی توانای بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو موشەکیان هەیە.
چاودێرانیش پێیانوایه، بابەتەکە تەنها سەربازیی نییە، بەڵکو بوهتە هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی ئابورییو لۆجستیی کە کاریگەریی لەسەر نەخشەی ستراتیژیی ئەمریکا لەداهاتودا دەبێت.
