شارپرێس:
مەودای نێوان تارانو واشنتۆن تەنها بەکیلۆمەتر ناپێورێت، بەڵکو بەو ئاستەنگانە دەپێورێت کە لەناو دۆسیەیەکی ئاڵۆزدایە؛ دۆسیەیەک کە تێیدا گەروی هورمز بوەتە چەکی فشارو 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمیش بوەتە بۆمبێکی کاتیی، لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی هەنگاوەکانی دۆناڵد ترەمپە، تاران لەنێوان ململانێی ناوخۆیی دەسەڵاتو هەوڵدان بۆ مانەوە، یارییەکی مەترسیدار دەکات.
درز لەناوەندی بڕیار.. کێ فەرمان دەدات؟
شیکەرەوە سیاسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، جۆرێک لەمنداڵانە مامەڵەکردنو دراماتیکییەت، لەهەڵوێستە دیپلۆماسییەکانی ئێراندا دەبینرێت، گەورەترین کێشەی ئێستا، ناتەبایی نێوان حکومەتو سوپای پاسدارانە؛ وەزیری دەرەوە باس لەکردنەوەی دەرگاکان دەکات، کەچی سوپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمز دەکات، ئەم خودییەی دەسەڵات نیشانەی قەیرانێکی قووڵی سەرکردایەتییە دوای کوژرانی فەرماندە کاریگەرەکان.
گەروی هورمز.. شادەماری ئابوری یان تەڵەی جەنگ؟
ئێران هورمز وەک کارتێکی فشار بەکاردێنێت بۆ تەمەن درێژکردنەوەی خۆی، بەڵام ستراتیژییەتی ترەمپ گۆڕاوە، ئەو چیتر چاوەڕێی ئەوروپییەکان ناکات، بەڵکو بەکەشتییە جەنگییەکانیو دروستکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دەیەوێت شادەماری وزەی جیهان لەچنگی تاران دەربهێنێت، داخستنی هورمز تەنها کێشەی ئەمریکا نییە، بەڵکو زیان بەهاوپەیمانە گەورەکەی ئێرانیش (چین) دەگەیەنێت.
نهێنیی 450 کیلۆگرامەکە.. تەقەمەنییەکی بێدەنگ
لەڕوی تەکنیکییەوە، ئێران خاوەنی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە کە لەشێوەی تۆزێکی قاوەییو لەناو 25 لولەکدا (ئەستوانە) پارێزراوە، شارەزایان دەڵێن تدمیرکردنی ئەم بڕە بەهێرشی سەربازیی نزیکە لەمەحاڵ، چونکە ئێران سیاسەتی بڵاوکردنەوەی بەکارهێناوە، ئەم بڕە بەسە بۆ دروستکردنی 10 بۆمبی ئەتۆمی، ئەمەش وایکردوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداری بدات کە هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی بێ چاودێری وردی تەکنیکی، هیچ بەهایەکی نییە.
جیاوازی نێوان سڕکردنو ڕاگرتن
جەنگی زاراوەکان بەشێکی گرنگی ململانێیەکەیە، ئەمریکا، داوای ڕاگرتنو هەڵوەشاندنەوەی ئامێرەکانی پیتاندن دەکات، ئێرانیش تەنها دەیەوێت سڕکردن بکات؛ واتە ئامێرەکان بمێنن بەڵام کارنەکەن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە، چونکە لەماوەیەکی زۆر کورتدا دەتوانرێت پیتاندن لە 60٪وە بگەیەنرێتە 90٪ کە ئاستی چەکی ئەتۆمییە.
چاودێران باس لهوهدهكهن، ئێران لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یهكهمیان جەنگێکی گشتگیر کە تێیدا ئێران پەنا بۆ بژاردەی خۆکوژی دەباتو کێڵگەکانی وزەی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، دوهمیش ڕێککەوتنی مێژویی واته گەڕانەوە وەک دەوڵەتێکی ئاسایی بۆ ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئەمەش قوربانییەکی گەورەی دەوێت؛ ئەویش دەستبەرداربونە لەبریکارەکانو میلیشیاکانی لەناوچەکەدا.
