شارپرێس:
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان یادی 128 ساڵەی دەرچونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) دەکاتەوە، پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی مشتومڕێکی فراوانی لەناوەندە میدیاییەکاندا دروستکردوە، لەکاتێکدا سەرۆکی حکومەت باس لەپابەندی بەئازادیی ڕاگەیاندن دەکات، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤو چاودێرانی سیاسیی ئاماژە بە"تاریکترین قۆناغی ئازادیی دەربڕین" دەکەن لەمێژوی حکومڕانیی هەرێمدا.
پەیامی حکومەت.. ئازادی لەچوارچێوەی "ئەرکدا"
سەرۆکی حکومەت لەپەیامەکەیدا جەخت لەپێشکەشکردنی "کارئاسانی بۆ ڕاگەیاندنکاران" دەکاتەوە، بەڵام هاوکات مەرجی "بەرپرسیارانە کارکردن"و "پاراستنی قەوارەی دەستوریی" بۆ ڕۆژنامەنوسان دادەنێت، ڕەخنەگرانیش پێیانوایە، ئەم چەمکانە زۆرجار وەک "فلتەرێک" بەکاردێن بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی ڕەخنە لەکەموکوڕییەکانی دەسەڵات دەگرن.
واقیعی مەیدانی: سزادان لەدەرەوەی یاسای ڕۆژنامەگەریی
گەورەترین خاڵی ڕەخنەیی کە ڕوبەڕوی کابینەی نۆ دەبێتەوە، پشتگوێخستنی "یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری"یە. لەجیاتی ئەم یاسایە، دەزگا ئەمنییەکانو دادگاکان پەنا بۆ "یاسای سزادانی عێراقی"و "یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن" دەبەن، ئەمەش وایکردوە لەم کابینەیەدا زۆرترین ڕۆژنامەنوسو چالاکوان ڕوبەڕوی زیندانیو سزای قورس ببنەوە، کە دیارترینیان کەیسی "زیندانیانی بادینان" بوو کە کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانو پاشەکشەیهكى مەترسیدار
ڕێکخراوەکانی وەک (CPJ)و (Amnesty International) لەڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژە بەوەدەدەن، ژینگەی کاری ڕۆژنامەوانی لەهەرێمدا تەندروست نییە، هەڕەشەی گرتن، لێدان لەکاتی ڕوماڵو دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، بونەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە، ئەم واقیعەش درزێکی گەورەی لەنێوان "گوتاری دیموکراسیی حکومەت"و "پراکتیکی دامودەزگا ئەمنییەکان" دروستکردوە.
یادێک بۆ خەمو خەبات
بۆ زۆرێک لەڕۆژنامەنووسانی هەرێم، 22ی نیسان چیتر تەنها یادێکی مێژویی نییە، بەڵکو ڕۆژێکە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو مەترسییانەی کە لەسەر قەڵەمەکانیان هەیە، لەکاتێکدا حکومەت داوای "هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە" لەڕۆژنامەنوسان دەکات، ڕۆژنامەنوسانیش داوای "پاراستنی گیانیانو سەربەخۆیی دادگاکان" لەحکومەت دەکەن.
لەکاتێکدا مەسرور بارزانی لەپەیامەکەیدا باس لەهۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دەکات، ئاماری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە لەم کابینەیەدا هێڵی سور لەبەردەم قەڵەمە ڕەخنەگرەکان ئەوەندە زیادبوە، زیندان بوەتە باجی كارى میدیایى، ئێستا بۆ ڕۆژنامەنوسانی هەرێم، مەودای نێوان پەیامی پیرۆزبایی حکومەتو کەلەپچەی هێزە ئەمنییەکان، تەنها یەک ڕاپۆرت یان یەک ڕەخنەیە لەسۆشیاڵ میدیا.
