شارپرێس:
دەزگای میدیایی شارپرێس، لە 128مین ساڵیادی دەرچونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا وێڕای پیرۆزبایی، هۆشداریدەدات لەتێکچونی دۆخی میدیایی لەهەرێمی کوردستانو دورکەوتنەوەی لەپرەنسیپە نەتەوەییو پیشەییەکان.
شارپرێس لهپهیامهكهیدا دهڵێت، "ئەو بناغەیەی بنەماڵەی بەدرخانییەکان بۆ داکۆکیکردن لەمافە نەتەوەییەکان دایانمەزراند، لەئێستادا بەهۆی ململانێی توندی حزبیو سیاسییەوە ڕوبەڕوی مەترسی بوەتەوە، بەشێکی زۆری کاری میدیایی ئێستا بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتییو دروستکردنی دوبەرەکیی کۆمەڵایەتی بەکاردێت کە زۆربەیان بەپارەی میللەتو لەلایەن حزبە فەرمانڕەواکانەوە پاڵپشتیدەکرێن".
شارپرێس ئاماژە بەوەدەکات، لەماوەی 35 ساڵی ڕابردوی فەرمانڕەوایی خۆماڵیدا، شەهیدکردن، گرتنو سزادانی ناحەقانەی ڕۆژنامەنوسان پەڵەیەکی ڕەشە بەمێژوی دەسەڵاتی کوردییەوە، جەختیشدەکاتەوە، فشارەکان لەسەر ئەو میدیاکارانەی لەدەرەوەی بازنەی حزبەکانن، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ فراوانتر دەبن.
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، شارپرێس هیوادهخوازێت ساڵی نوێی ڕۆژنامەگەری ببێتە "وەرچەرخانێکی گرنگ" بۆ گێڕانەوەی میدیا بۆ سەر ڕێچکە ڕاستەقینەکەییو دهڵێت، "درودی بۆ گیانی شەهیدانی قەڵەمو داوای کۆتاییهێنان بەسزادانی سیاسییانەی ڕۆژنامەنووسانی دهكهین".
دهقى پهیامهكهى شارپرێس:
لەساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا پیرۆزبایی لەخۆمانو تەواوی ڕۆژنامەنوسان دەکەین
بەبۆنەی 128مین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردییەوە، ئێمە لەدەزگای میدیایی شارپرێس پیرۆزبایی لەخۆمانو سهرجهم ڕۆژنامەنوسانو کارمەندانی دەزگاکەمانو تەواوی ڕۆژنامەنوسانو میدیاکارانی کوردستان دەکەین، دەخوازین ساڵی داهاتوی کاری ڕۆژنامەگەریی کوردی ببێتە وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ کەوتنەوەسەر ڕاستەڕێی کاری میدیاییو ڕۆژنامەگەریی.
ئەوکاتەی بنەماڵەی بەدرخانییەکان یەکەم ڕۆژنامەی کوردییان دەرکرد، پێیانوابوو، دەکرێت لەڕێگەی ڕۆژنامەوە بەدەنگیكی زوڵاڵتر داوای مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بکەنو هەر واشبوو، لە(ڕۆژنامەی کوردستانو بانگی حەقو ژینو ژیان)ەوە توانرا شۆڕشێكی نوێ بەرپابکرێت دژی داگیرکارییو چەوساندنەوەو گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەتی گەلێک بەهەموو دونیا.
ئەوان بناغەیەکیان داناو ڕادەستی نەوەی دوای خۆیانکرد، بەداخەوە لەمساڵانەی دواییدا بەهۆی ململانێ حزبیو کەسییو سیاسییەکانەوە لەکوردستان بەگشتییو باشور بەتایبەتی، دۆخێکی ناجۆر بۆ کاری میدیایی هاتوهتە پێشەوەو کاری میدیاو ڕۆژنامەگەریی لەسەر شاڕێی ڕاستەقینەکەی خۆی لایداوەو بەشێکی زۆری کاری میدیا بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتییو ململانێی حزبیو دروستکردنی دوبەرەکی کۆمەڵایەتی بەکاردێت، ئێستا بەشێک لەمیدیاکان بونەتە هۆی نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتیو ئارامی کۆمەڵگەیان تێکداوە، کە هەموو ئەمانەش بەپارەی میللەتو لەلایەن حزبە فەرمانڕەواکانەوە پاڵپشتیدەکرێن.
شەهیدکردنو گرتنو سزادانی ناحەقی ڕۆژنامەنوسان یەکێکە لەو نەنگییانەی کە مێژوی فەرمانڕەوایی خۆماڵیی کوردیی بەخۆیەوە بینیوەو بەداخەوە لەماوەی 35 ساڵی ڕابردودا پیشێلی یاساو مافەکانی ڕۆژنامەنوسان کراوەو بەردەوام فشار لەسەر میدیاو میدیاکارو ڕۆژنامەنوسانی دەرەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان فراوانتربوە.
هیواخوازینو بەئومێدین بۆ ساڵی داهاتوی کاری میدیاو ڕۆژنامەگەریی، بەهەوڵی هەمولایەک بتوانین کاری میدیا لەباشوری کوردستان بگێڕینەوە بۆ سەر ڕێچکە بنەڕەتیو گونجاوەکەی خۆییو دوربکەوینەوە لەمشێوازە کارکردنەی ئێستا كه بەشێک لەمیدیاکان پەیڕەوی دەکەن.
درود دەنێرین بۆ گیانی شەهیدانی قەڵەمو کاری ڕۆژنامەگەریی، داوای هەرچی زوتر کۆتاییهێنان بەستەمی سزادانی ڕۆژنامەنوسان دەکەینو دوبارە ساڵیادی ڕۆژنەمەگەریی کوردی پیرۆزبێت.
دەزگای میدیایی شارپرێس
22 نیسانی 2026
