تره‌مپ میدیا زیانى شه‌ش ملیار دۆلارى به‌ركه‌وت

ئابوری

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1182 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای (تره‌مپ میدیا ئاند تەکنۆلۆژی)، خاوەنی پلاتفۆڕمی (تروس سۆشیاڵ)، گۆڕانکاریی لەلوتکەی هەرەمی بەڕێوەبردنی خۆیدا ڕاگەیاندو (دیڤین نونێز)ی لەپۆستی سەرۆکی جێبەجێکار لادا، ئەو بڕیارە دوای ئەوەهات، بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە بەڕێژەی 67٪ دابەزی‌و زیانی زیاتر لەشه‌ش  ملیار دۆلاری لەسەرمایەی وەبەرهێنەراندا.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە، نونێز کە ئەندامێکی پێشوی کۆنگرێس‌و لایەنگرێکی سەرسەختی تره‌مپە، پۆستەکەی جێدەهێڵێت‌و کیڤن ماکگۆرن بەڕێوەبەری کەرتی میدیای دیجیتاڵی، بەشێوەیەکی کاتیی ئەرکەکانی دەگرێتە ئەستۆ، کۆمپانیاکە هیچ ڕونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر هۆکاری دورخستنەوەی نونێز یان کاتی دەستنیشانکردنی جێگرەوەیەکی هەمیشەیی نەداوە.

ئەم پاشەکشە گەورەیەی بەهای پشکەکان لەکاتێکدایە کە پێش هەڵبژاردنەوەی تره‌مپ لەنۆڤەمبەری 2024، پشکەکان بەرزبونەوەیەکی پێوانەییان بەخۆوە بینیبوو، بەڵام دواتر بەخێرایی دابەزین.

کۆمپانیای (تره‌مپ میدیا) لەلایەن خێزانی تره‌مپەوە وەک جێگرەوەیەک بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییە گەورەکانی وەک فەیسبوک‌و ئێکس دامەزرا، دوای ئەوەی تره‌مپ لەو پلاتفۆرمانە بەهۆی ڕوداوەکانی هێرشکردنەسەر کاپیتۆڵ لەساڵی 2021دا قەدەغەکرا، هەرچەندە تره‌مپ پلاتفۆڕمەکەی بۆ ڕاگەیاندنە سیاسییەکانی بەکارهێناوە، بەڵام چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، کۆمپانیاکە نەیتوانیوە جەماوەرێکی فراوان بۆ خۆی ڕابکێشێت، ئەمەش گومانی لەسەر سەرکەوتنی بازرگانیی پڕۆژەکە دروستکردوە.

بەپەلە