شارپرێس:
پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکێک لەبارەگاکانی سوپای میللیی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراوەتە ئامانجو بەو هۆیەوە زیانی گیانیو مادی کەوتوەتەوە.
بهگوێرهى ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی پارتی ئازادیی کوردستان (پاك)، هێرشەکە لەسەعات 1:24 بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجامدراوە، چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) بۆمبڕێژکراو ڕاستەوخۆ بارەگایەکی هێزەکانیانی لەسنوری پارێزگای هەولێر پێکاوە.
پاك نوسیویهتى، "لەئەنجامی تەقینەوەی درۆنەکاندا، سێ پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان برینداربونو دەستبەجێ بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون".
هەروەها ڕاگەیەندراوەکە جەختیکردوەتەوە، "هێرشەکە زیانی مادی زۆری بەبیناو دامەزراوەکانی بارەگاکە گەیاندوە".
لەبەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، "ئەم هێرشە نیشانەی بەردەوامیی دوژمنکارییەکانی ئێرانە دژی هێزە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا".
پارتی ئازادی (پاك) ئەمکارەی وەک پێشێلکارییەکی ڕونی سەروەریی خاکو تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە وەسفکردوە.
ئەم هێرشە نوێیە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەبارودۆخێکی هەستیاری ئەمنیدایە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانو لایەنی ئێرانی-ش هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر وردەکاریی ئهو هێرشە نەداوە.
