پەیامێک لەسەرۆک کۆمارەوە

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3520 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک کۆماری عێراق داوا لەلایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات پابەند بن بە ماوە دەستورییەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، بڕیاریشە ئەمشەو لایەنە شیعەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە کۆببنەوە.


نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق لەپەیامێکدا کە لەسەکۆی (ئێکس) بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوەکرد،" جەخت لەسەر گرنگی پابەندبون بە کاتە دەستورییەکان بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران لەلایەن گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان دەکەینەوە، بەوپێیەی ئەو پرسە شایستەیەکی دەستورییە و قابیلی دواخستن نییە، بەرپرسیارێتی نیشتیمانیش دەکەوێتە ئەستوی هەموان ".

هاوکات، سەرۆک کۆمار داوای کرد بەپەلە ئەو پرسە یەکلابکرێتەوە، بۆ ئەوەی سەقامگیری سیاسی لەوڵاتەکە بەدیبێت و کاری دامەزراوەکان رێکبخرێتەوە.

نزار ئامێدی باسی لەوەشکرد، یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە وڵامدانەوەی خواستی هاوڵاتییانە بۆ دروستکردنی حکومەتێک کە توانی بەجێهێنانی ئەرکەکانی و خزمەتکردنی خەڵکی هەبێت، بەتایبەت لەم دۆخە هەستیارەدا دەبێت بەرژەوەندی گشتی پێشبخرێت.