دیمه‌نى بەڕێوەبەری FBI لەشەوی تەقەکردنەکەدا هه‌راى گه‌وره‌ى لێكه‌وته‌وه‌

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5566 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا دەبوو پیاوی یەکەمی ئه‌منیى بێت لەکاتی تەنگانەدا، کەچی کاش باتێل-ی بەڕێوەبەری نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بى ئاى ـ FBI) خۆی لەناوجەرگەی ڕەخنەکاندا دەبینێتەوە، ڕوداوەکەی شەوی شەممەی نزیک هۆتێل (واشنتۆن هیڵتۆن)، تەنها تەقەکردنێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بوو بەتاقیکردنەوەیەکی سەختی سەرکردایەتی بۆ یەکێک لەمشتومڕاوییترین بەرپرسەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.


دیمەنی "سەرسامبون"و هەڵای میدیایی
شایەتحاڵەکان باس لەوەدەکەن، لەگەڵ بیستنی دەنگی 5 بۆ 8 گولـلە، باتێل لەبری نیشاندانی کاردانەوەی خێرای ئەمنی، لەناو هۆڵی نانخواردنی پەیامنێرانی کۆشکی سپیدا لەحاڵەتێکی "سەرسامبون‌و شڵەژان"دا بینراوە، ئەوەی زیاتر ئاگری ڕەخنەکانی خۆشکرد، ئەو وێنانە بون کە پاش 90 خولەک لەڕوداوەکە گیرابون؛ باتێل لەدەرەوەی هۆتێلەکە وەستاوەو بەبێدەنگی سەرقاڵی مۆبایلەکەیەتی، لەکاتێکدا ناوچەکە ببوە سەربازگە.



له‌وباره‌یه‌وه‌ ئیریک سپراکلین چاودێری سیاسیی ئەو دیمەنەی بەشۆککەر ناوبردوه‌و وتویه‌تى، "بەڕێوەبەری ئێف بى ئاى وەک میوانێکی ئاسایی وەستاوە، نەک وەک بەرپرسی یەکەمی لێکۆڵینەوە".

هەوڵ بۆ کۆنترۆڵکردن لەژێر سێبەری ترەمپدا
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، باتێل بەیانی یەکشەممە لەتەنیشت ترەمپەوە دەرکەوت بۆ ئەوەی پەیامێکی دەسەڵاتدارانە بداتە خەڵک، ئەو جەختیکردەوە، تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردوە، بەڵام ئەو دەرکەوتنە زیاتر بۆ ستایشکردنی ترەمپ بەکارهات، کاتێک باتێل شانازی خۆی دەربڕی کە بۆ سەرۆکێک کاردەکات بەهێزەوە پاڵپشتی یاسا دەکات.



سەرەتای کۆتایی؟
ئەم روداوە دوای زنجیرەیەک شکستی دیکە دێت؛ لەڕاپۆرتێکی (زە ئەتلانتیک)دا کە 24 سەرچاوە تێیدا قسەیانکردوە، باتێل بەبێسەروبەریی کارگێڕیی‌و کەمتەرخەمی تۆمەتبارکراوە.

هەروەها گەشتەکەی بۆ ئیتاڵیا لەکاتی ڕوداوە ئەمنییەکەی (مار-ئێ-لاگۆ) لەشوباتی ڕابردوو، وەک خاڵێکی ڕەش لەمێژوی کارکردنی ناوبراوه‌.

ئێستا لەپشت پەردەکانی کۆشکی سپییەوە، دەنگۆی دورخستنەوەی زیاتر بوە، بەرپرسێکی باڵا بەپۆلیتیکۆ-ی ڕاگەیاندوە، "ترەمپ لەم هەموو سەرئێشەیە بێزاربوەو گۆڕینی باتێل تەنها مەسەلەی کاتە".

وه‌كو میدیاى ئه‌مریكى باسیده‌كات، کاش باتێل کە جارێک دڵسۆزترین پیاوی دۆناڵد ترەمپ بوو، بەهۆی ڕاپۆرتەکانی زە ئەتلانتیک لەسەر ژیانی پڕ لەسەرکێشی، خواردنەوەی زۆرو کەمتەرخەمی لەئەرکی پاراستنی "مار-ئێ-لاگۆ"، ئێستا لەناو گێژاوێکی قووڵی تۆمەتی ئەخلاقی‌و پیشەییدایە، ئەم سەرئێشە میدیاییە بوەتە هۆی درزێکی قوڵ لەگەڵ ترەمپ کە بەتوندی لەو ئیحراجییە نیگەرانەو چیتر بەرگەی ئەو سەرقاڵکردنە لاوەکییانە ناگرێت.

سەرەڕای هەوڵەکانی باتێل بۆ پاراستنی پۆستەکەی بەمانیفێستی وەفا، گڵۆڵەی کەوتوەتە لێژیی‌و ترەمپ سەبری نەماوە، بەجۆرێک دورخستنەوەی ئەم بەرپرسە مشتومڕاوییە لەکۆشکی سپی تەنها په‌یوه‌ندیى به‌كاته‌وه‌ هه‌یه‌.

بەپەلە