شارپرێس:
لەهەنگاوێکی ستراتیژیدا کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لەهاوسەنگیی هێزی
جیهانیدا، ڕوسیاو کۆریای باکور گەیشتنە ڕێککەوتنێکی سەربازیی هەمیشەیی، ئەم ڕاگەیاندنە
لەمیانی سەردانە فەرمییەکەی ئاندرێ بێلۆسۆڤ وەزیری بەرگریی ڕوسیا بۆ پیۆنگ یانگو
کۆبونەوەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سهرۆكى کۆریای باکور هات.
وەزیری بەرگریی ڕوسیا جەختیکردەوە، "پەیوەندییەکانی نێوانمان گەیشتوەتە
ئاستێکی زۆر بێوێنەو لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی کۆریای باکور ڕێککەوتین کە هاوکارییە
سەربازییەکانمان بکەینە هەمیشەیی، ئامادەین پێش کۆتایی ئەمساڵ، پلانێکی تۆکمە بۆ
هاوکاریی سەربازیی نێوان هەردوولا بۆ ساڵانی 2027 تا 2031 واژۆبکەین".
لەسەر ئاستی مەیدانییو لەهەنگاوێکی دەگمەندا، بێلۆسۆڤ میدالیای فەخریی ڕوسیای
بەخشییە ژمارەیەک سەربازی کۆریای باکور، ئەم خەڵاتکردنە وەک ڕێزێک بوو بۆ بەشداریی
ئەو سەربازانە لەئەرکە هاوبەشەکان شانبەشانی سوپای ڕوسیا لەناوچەی (کۆرسک)ی سنوری
کە مۆسکۆ دەڵێت، "دژی هێزەکانی ئۆکرانیا ئەنجامدراون".
ئەم هاوپەیمانییە نوێیەی نێوان مۆسکۆو پیۆنگ یانگ،
تەنها ڕێککەوتنێکی کاغەزی نییە، بەڵکو گۆڕینی هاوکێشەی جەنگە، شارەزایانیش پێیانوایە
ئەم هەنگاوە پەیامێکی توندی مۆسکۆیە بۆ واشنتۆنو هاوپەیمانەکانی، کە ڕوسیا لەبەرەکانی
جەنگدا تەنها نییەو لەمەودوا پشتێنەیەکی سەربازیی هەمیشەیی لەڕۆژهەڵاتی دورەوە بۆ
دروستبوە.
