ترەمپ پێشنیازەکەی تاران ڕەتدەکاتەوە.. ململانێی ئەمریکاو ئێران بەرەو لێواری شەڕ دەگەڕێتەوە

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1345 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گرژییەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی سى ئێن ئێن کە لەزاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە ئاشكرایكردوه‌، دۆناڵد ترەمپ دوایین پێشنیازی ئێرانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ڕەتکردوەتەوەو ئامادەنییە بەبێ یەکلاییکردنەوەی بنەڕەتیی پرسی ئەتۆمی، هیچ سزایەک هەڵبگرێت.


سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەمریکا مەرجی سەرەکی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان، ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمە لەلایەن ئێرانەوە، واشنتۆن پێیوایە ئەگەر پێش چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی گەمارۆکان لابدات، گەورەترین کارتی فشاری لەدەستدەدات.

لەبەرامبەردا، ئەمریکا داوای کردنەوەی بێ مەرجی گەروی هورمز دەکات بەبێئەوەی تاران هیچ باج یان کۆتوبەندێکی لێبگرێت؛ داواکارییەک کە وەک تەسلیمبون لەلایەن ئێرانەوە دەبینرێت.

ئەوەی مەترسییەکانی زیاترکردوە، ئەگەری پاشەکشەی ئەمریکایە لەدانوستانەکان‌و گەڕانەوەی بژاردەی سەربازیی، لەکاتێکدا نێوەندگیرییە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن، بەرپرسێکی باڵای ئێران هۆشداریداوە کە "پێشبینی پێکدادانی سەربازیی سنوردار دەکرێت" پێشئەوەی هەردولا دوبارە بگەڕێنەوەسەر مێزی گفتوگۆ.

لەئێستادا چاوەکان لەسەر چەند ڕۆژی داهاتون، کە ئایا دیپلۆماسی دەتوانێت ڕێگریی لەتەقینەوەی دۆخەکە بکات، یان ناوچەکە بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی نوێ هەنگاو دەنێت.