سودانی بۆ کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت ڕێنمایی نوێی دەرکرد

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 116 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

ڕۆژی دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ڕێنماییەکانی سەبارەت بە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە لە دژی گروپی نایاسایی دەرکرد.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، سەباح نوعمان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "سودانی، سەرۆکوەزیرانی و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکایەتی سێیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ ساڵی 2026 کرد".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئەمنی گشتی وڵات کرا، پێداچوونەوە بە بڕگەکانی بەرنامەی کاردا کرا، بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست درا. لەوانە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە چاودێریکردنی سەرچاوەکانی دارایی تیرۆریستان، هاوردەکردنی سیستەمی دژە فڕۆکە، و پاراستنی بێلایەنی عێراق لە ململانێکانی ناوچەکەدا".

ڕوونیشیکردەوە، "ئامادەبووان باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە، تەحەددای ئەمنی و سیاسی و ئابووری و پابەندبوونی حکومەت بە پاراستنی سەروەری عێراق و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕێگەی ڕێوشوێنی هەمەلایەنە لەسەر ئاستی ئەمنی و ئیداری و دیپلۆماسی کرد".