شارپرێس:
حکومەتی ئیسرائیل لەکۆبونەوەیهكدا، بەکۆدەنگی بڕیاریدا (تسیپی حۆتۆڤێلی)
باڵیۆزی پێشوی ئیسرائیل لەلەندەن، بۆ پۆستی سەرۆکی دەستەی پڕوپاگەندەی فەرمی (Hasbara)
لەنوسینگەی سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکات.
چاوەڕواندەکرێت حۆتۆڤێلی لەماوەی هەفتەو نیوی داهاتودا بەفەرمی دەستبەکاربێت،
ئەم دامەزراندنەش لەکاتێکی زۆر هەستیاردا دێت، بەوپێیەی ئیسرائیل لەناوەڕاستی جەنگدایەو
ئەم پۆستە دیپلۆماسیو میدیاییە گرنگە لەمانگی ئۆکتۆبەری 2024وه، دوای کۆتاییهاتنی
ئەرکی موشیک ئەفیڤ، بەبەتاڵی مابوەوە.
تسیپی حۆتۆڤێلی کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لەیاسادا، یەکێکە لەکەسایەتییە
دیارەکانی ناو کایەی سیاسییو دیپلۆماسی ئیسرائیل، پێشتر چەندین پۆستی باڵای حکومی
بەڕێوەبردوە، لەوانە، (وەزیری نیشتەجێکردن (ئاوەدانکردنەوە)، وەزیری کاروباری دیاسپۆرا
(تاراوگە)، جێگری وەزیری دەرەوە، دوایین ئەرکیشی باڵیۆزی ئیسرائیل بوو لەبەریتانیا".
ئەم هەنگاوەی حکومەتی ناتانیاهۆ بەئامانجی بەهێزکردنەوەی گوتاری میدیاییو
ودیپلۆماسی تەلئەبیب دێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لەم قۆناغەی ئێستای جەنگدا.
(تسیپی حۆتۆڤێلی) له2ی کانونی یەکەمی 1978
لهشارى ڕەحۆڤۆت-ى ئیسرائیل لهدایكبوهو ئێستا تەمەنی 48 ساڵە، ئهو لەخێزانێکی
جولەکەی ئۆرسۆدۆکسی پارێزگار لەدایکبوە کە لەوڵاتی جۆرجیاوە (کۆماری پێشوی سۆڤیەت)
کۆچیانکردوە بۆ ئیسرائیل، لەساڵی 2013دا هاوسەرگیریی کردوەو خاوەنی سێ کچە.
لەزانکۆی (بار ئیلان ـ Bar-Ilan University)
بڕوانامەی بەکالۆریۆسو ماستەری لەیاسادا بەپلەی نایاب بەدەستهێناوە، خوێندكارى
دکتۆراش بوە لەکۆلێژی یاسای زانکۆی تەلئەبیب، پارێزەرێکی ڕێپێدراوەو لەساڵی 2003وه
بوەتە ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی ئیسرائیل، لەچەندین قوتابخانەو پەیمانگهی ئایینی
جولەکە لەقودسو تەلئەبیب خوێندنی باڵای لەبواری ئاییندا وتوهتهوه، جگە لەزمانی
دایکی (عیبری)، بەتەواوییو بەشێوازێکی پاراو شارەزای زمانی ئینگلیزییە.
حۆتۆڤێلی وەک دەنگی ئایدیۆلۆژی پارتی لیکۆد دەناسرێتو سەر بەباڵی ڕاستڕەوی
توندڕەوە، بەتوندی دژی بیرۆکەی دوو دەوڵەت بۆ چارەسەری کێشەی فەڵەستینو ئیسرائیل
دەوەستێتەوە.
